هه‌رێمی كوردستان: تیشك خستنه‌ سه‌ر تاوانه‌كانی توركیا له‌ باكوورو رۆژهه‌ڵاتی سوریاو هه‌رێمی كوردستان

هه‌ولێر – نۆرس پرێس

نوینه‌رایه‌تی به‌رێوه‌به‌ری خۆسه‌ری له‌هه‌رێمی كوردستان تیشك ده‌خاته‌ سه‌ر تاوانه‌كانی توركیا له‌ هێرشه‌كانی‌ ئه‌م دواییه‌ی ئه‌نقه‌ره،‌ بۆ سه‌ر ‌ باكووری رۆژهه‌ڵاتی سوریا و هه‌رێمی كوردستان.

رۆژی یه‌ك شه‌ممه‌، ئه‌ڤین سوید نوێنه‌ری به‌رێوه‌به‌ری خۆسه‌ری له‌ كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ به‌ره‌ی پشتیوانی رۆژئاوا رایگه‌یاند، هێرشی دڕندانه‌ی توركیا كه‌ به‌ ‌به‌رچاوی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی ئه‌نجامی ده‌دات، هانی داگیركه‌ری توركیا ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی كوشتاری زیاتر دژ به‌ گه‌له‌كه‌مان و سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی باكووری رۆژهه‌ڵاتی سوریا ئه‌نجام بدات.

ئه‌فین سوید له‌میانه‌ی كۆنفرانسه‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا كه‌ به‌ ئاماده‌بوونی نوێنه‌رانی پارته‌ كورد و كوردستانییه‌كان سازكرا جه‌ختی ‌كرده‌وه‌ كه‌ وتاری سیاسی به‌ هێزو، یه‌ك هه‌ڵوێستی سیاسی له‌م قۆناغه‌ دژواره‌دا، هۆكارێكه‌ بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی وڵاتی داگیركه‌ری توركیا و راگرتنی تاوانه‌كانی دژ به‌ گه‌لانی ناوچه‌كه‌ به‌ گشتی گه‌لی كورد به‌ تایبه‌تی.

له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ به‌ختیار موسته‌فا به‌ ناوی به‌ره‌ی پشتیوانی رۆژئاوا جه‌ختیكرده‌وه‌ له‌سه‌ر پشتیوانیكردنی به‌رگری بێ وێنه‌ی هێزه‌كانی سوریای دیمو‌كرات “هه‌سه‌ده‌”، ئه‌وه‌شی دووپاتكرده‌وه‌ كه‌ ده‌وڵه‌تی داگیركه‌ری توركیا بۆته‌ مایه‌ی مه‌ترسی له‌سه‌ر ده‌ستكه‌وته‌كانی كورد له‌ هه‌رێمی كوردستان و رۆژئاواو باكووری رۆژهه‌ڵاتی سوریا.