رێکخراوێکی کەنەدی لەگەڵ تورکیا هەماهەنگی دەکات بۆ دروستکردنی ئۆردوگایەک لە باکووری سوریا

ئیدلیب – نۆرس پرێس

بەپێی ئەو راپۆرتانەی کە میدیاکانی تورکیا بڵاویان کردووەتەوە، دوێنێ چوارشەممە، رێکخراوێکی خێرخوازی کەنەدی، بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەنکەرە، نیازی خۆی بۆ دروستکردنی شارۆچکەیەکی نیشتەجێبوون لە باکووری سوریا راگەیاندووە، بە تێچووی مەزەندەکراو بە بڕی 2.25 ملیۆن دۆلاری کەنەدی (1.7 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی).

ئاماژەی بەوەشکردووە، رێکخراوی ناحکومی کەنەدی “Human Concern International (HCI)” ئەو شوێنە نیشتەجێبوونە لە ناوچەی ئەلباب یان عەفرین لە گوندەواری حەلەب دادەمەزرێنێت، لە پڕۆژەیەکدا کە ناوی لێناوە “گوندی هیوا”.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ” 1.85 ملیۆن دۆلاری کەنەدی تەرخانکراوە بۆ دروستکردنی 500 خانوو، بە تێچووی 3700 دۆلاری کەنەدی بۆ هەر خانوویەک، هەروەها 1.25 ملیۆن دۆلار بۆ دروستکردنی مزگەوت و قوتابخانە و پارک و یاریگای تۆپی پێ و بازاڕێکی بازرگانی تەرخانکراوە”.

“لەم مانگەدا 35 خانوو دروست دەکرێن، لەکاتێکدا پرۆژەکە 12 بۆ 16 مانگی دەوێت تا تەواو دەبێت” بەپێی خەمڵاندنەکانی رێکخراوەکە.

ژمارەی ئەو ئۆردوگای نیشتەجێبوونانەی لە عەفرین لەلایەن رێکخراوەکانی تورکیا و کوەیت و فەلەستین و قەتەرەوە دروستکراون نزیکەی 18 شوێنی نیشتەجێبوونە، کە بەسەر ناوچەکانی، شاران، شێخ حەدید، جندیرس، بولبول، راجۆ و هەرش لە گوندی ئەلخالیدیە نزیک چیای لیلۆن نزیک بە شاری عەفریندا دابەش بوون، بەپێی چاودێرییەک کە لەلایەن نۆرس پرێسەوە لەرێگەی پەیامنێرەکانییەوە لە ناوچەکە ئەنجامدراوە.

ژمارەی ئەو ئۆردوگایانەی کە تورکیا تەنها لە ئیدلب دروستی کردووە گەیشتووەتە نزیکەی 50 شوێنی نیشتەجێبوون، زۆربەیان لە نزیک ناوچەی مەشهەد روحێنن لە باکووری ئیدلب.

لەکاتێکدا ژمارەی ئەو ئۆردوگایانەی کە لە ناوچەکانی عەفرین و عەزاز و جەرابلوس لە باکوور و رۆژهەڵاتی حەلەب دروستکراون نزیکەی 45 شوێنن کە زۆربەیان لە ماوەی نیوەی کۆتایی ساڵی رابردوو و نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا دروستکراون.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی : فنسە تەمۆ