کەوتنەخوارەوەی دوو مووشەک لە پۆڵەندا دەبنە هۆی گیانلەدەستدانی دوو کەس

هەولێر – نۆرس پرێس

پاش ئەوەی شەوی رابردوو دوو موشەک لە ناوچەیەکی سنووری کەوتەخوارەوە، ئاژانسە هەواڵییەکانی رۆژئاوا رایانگەیاند، دوو کەس لە گوندی برزیودوفی پۆڵەندا لە نزیک سنورەکانی ئۆکرانیا بەهۆی رووداوەکەوە گیانیان لەدەستداوە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشییەیتد پرێس حکومەتی پۆڵەندا داوای لە روسیا کردووە لێکۆڵینەوە لەسەر هۆکاری کەوتنەخوارەوەی موشەکەکان بکات لە خاکی وڵاتەکەیدا. ئەمە لە کاتێکدایە وەزارەتی بەرگری روسیا ئەم هەواڵانەی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند، هیچ هێرشێکمان بۆسەر ئامانجەکانی نزیک لە سنوری ئۆکرانیا و پۆڵەندا ئەنجام نەداوە.

وەزارەتی بەرگری روسیا باسی لەوەشکردووە، ئەوەی دەزگاکانی راگەیاندنی پۆڵەندا نیشانیانداوە پەیوەندیی بە روسیاوە نەبووە، سەرۆکی پۆڵەنداش دەڵێت، بەڵگەیەکی بەردەست نییە هەتا بزانن موشەکەکان لەکوێوە ئاڕاستەکراون، بەڵام موشەکاکان دروستکراوی روسیان.

ئەمە لە کاتێکدایە، جۆبایدن سەرۆکی ئەمەریکا رایگەیاند، “بەدووری نازانێت” ئەو موشەکەی لە پۆڵەندا کەوتووەتە خوارەوە لە روسیاوە هەڵدرابێت و بەڵێنیدا هەموو پاڵپشتییەک پێشکەش بە دەسەڵاتدارانی پۆڵەندا بکات.

ئەوەشخراوەتەڕوو، “پێویستە مۆسکۆ بەرپرسیارێتی هاویشتنی موشەکەکان و بەرگری بە کۆمەڵی هاوپەیمانێتی ناتۆ لە چوارچێوەی ماددەی ٥دا لە ئەستۆ بگرێت، کە هانی وڵاتانی ئەندام و کۆمەڵەکە دەدات لەکاتی هەبوونی مەترسی و هێرشدا بەتەنها یان پێکەوە بەرگری بکەن و هەر هێرشێک بۆسەر یەکێکیان هێرشە بۆسەر تەواوی هاوپەیمانێتییکە.”

لەلایەکی دیکەوە ڕای روسیا پێچەوانەیە و دەڵێت، “ئەوەی لە راگەیاندنەکانی ئۆکرانیاوە پشاندەدرێت زیاتر لە جۆری موشەکی S-300””ی ئۆکرانیا دەچێت”، لە بەرامبەردا بەپێی چەند سەرچاوەیەک کە هێشتا یەکلا نەبووەتەوە، ئۆکرانیا باسی لەوەکردووە، “پێدەچێت ئەو موشەکانە بە مەبەستی بەرگریکردن لە شاری لڤیڤی هاوسنوری پۆڵەندا دژی موشەکەکانی روسیا ئاڕاستەکرابن.”