ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بودجەى 2023 تاوتوێدەکات

هەولێر – نۆرس پرێس

رۆژی 14ـی تشرینى دووەمى 2022، فوئاد حوسێن، وەزیرى دەرەوەى عێراق و جێگرى سەرۆکوەزیران سەرۆکایەتیی یەکەم کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى وەزاریی ئابوورى کرد.

بەگوێرەى راگەیێندراوێکى کۆتایی کۆبوونەوەکە، بڕیاردراوە لە کۆبوونەوەى داهاتووى ئەنجوومەنى وەزاریى ئابووریى عێراق گفتوگۆ لەبارەى پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى 2023 بکرێت.

بەگوێرەى راگەیێندراوەکە، فوئاد حوسێن گوتوویەتى، “بەشێکى زۆرى کۆبوونەوەى داهاتووى ئەنجوومەنى وەزارى ئابوورى تەرخان دەکرێت بۆ تاوتوێکردنى پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى بۆ تەواوکردنى، بەر لەوەى ئاراستەى پەرلەمانى عێراق بکرێت.”

بەگوێرەى پێشبینى ئەندامانى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق پڕۆژەیاسای بودجەى گشتى 2023 “گەورەترین” بودجە دەبێت لە مێژووى عێراقدا، کە چاوەڕوان دەکرێت بگاتە 180 ملیار دۆلار.

تاوتوێکردنى پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى لە کۆبوونەوەى داهاتووى ئەنجوومەنى وەزاریى ئابوورى لەکاتێکدایە بەهۆى درەنگ پێکهێنانى حکومەتى عێراق پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى 2022 پەسند نەکرا.