مه‌زڵوم عه‌بدی ئه‌وه ره‌تده‌كاته‌وه كه هێزه‌كانیان په‌ێوه‌ندی هه‌بێت به ته‌قینه‌وه‌كه‌ی ئیسته‌نبوڵ
قامیشلۆ -نۆرس پرێس
مه‌زڵوم عه‌بدی فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات (هه‌سه‌ده)، ئه‌وه‌ی ره‌تكرده‌وه كه هێزه‌كانیان په‌ێوه‌ندییان هه‌بێت به ته‌قینه‌وه‌كه‌ی رۆژی یه‌ك شه‌ممه‌ی ئیسته‌نبوڵ، كه بووه هۆی گیان له‌ده‌ستدانی 6 كه‌س و برینداربوونی ده‌یانی دیكه.
عه‌بدی له تویتێكدا له هه‌ژماره‌ی خۆی له تویته‌ر راگه‌یاند، “ئیمه جه‌خت له‌وه ده‌كه‌ینه‌وه كه هێزه‌كانمان هیچ پهێوهندییهكیان نییه به ته‌قینه‌وه‌كه‌ی ئیسته‌نبوڵ”.
فه‌رماده‌ی هه‌سه‌ده جه‌ختی كرده‌وه له‌سه‌ر ره‌تكردنه‌وه‌ی تۆمه‌ته‌كانی توركیا و وتی: “ئه‌و قسانه ره‌تده‌كه‌ینه‌وه له‌باره‌ی تۆمه‌تباركردنی هێزه‌كانمان به ئه‌نجامدانی ئه‌و ته‌قینه‌وه‌یه”.
عه‌بدی سه‌ره‌خۆشی خۆی ئاراسته‌ی گه‌لی توركیا كرد‌و هیوای چاكبوونه‌وه‌ی بۆ برینداره‌كان خواست.
دوێنی یه‌ك شه‌ممه، ته‌قینه‌وه‌یه‌ك له شه‌قامی ته‌قسیمی قه‌ره‌باڵخی شاری ئیسته‌نبوڵ رویدا‌و به گوێره‌ی سه‌رچاوه فه‌رمییه‌كان، 6 كه‌س كوژراون و 80 دیكه‌ش برینداربوونه.
ده‌سه‌ڵاتی توركیا پارتی كرێكارانی كوردستانی توركیا تۆمهتباركردوو، وێنه‌ی ژنێكی سوری بڵاوكرده‌وه به ناوی “ئه‌حلام به‌شیر”، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ژنه‌كه رێنمایی له كۆبانی وه‌رگرتووه‌و له رێگای عه‌فرینه‌وه هاتووته ناو خاكی توركیا.
پێشتر سه‌رچاوه‌یه‌ك له فه‌رمانده‌یی “هه‌سه‌ده” به نۆرس پرێسی راگه‌یاندبوو، ئه‌و تۆمه‌تانه دوورن له راستی و هه‌مووان ده‌زانن كه پێكهاته‌ی سه‌ربازی هێزه‌كانمان ئه‌ركیان ئه‌وه‌یه به‌ره‌نگای تیرۆر ببنه‌وه‌و پارێزگاری له ناوچه‌كانی سوریا بكه‌ن.