نەوەی زڕبرایەکی سەدام حسێن رادەستی عێراق کرایەوە

هەولێر – نۆرس پرێس

نەوەی زڕبرایەکی سەدام حسێن سەرۆکی رژێمی لەناوچووی بەعس، بە تۆمەتی ئەندامێتی داعش و تێوەگلان لە کۆمەڵکوژی سپایکەر، رادەستی عێراق کرایەوە.

ئاژانسی ھەواڵی فرانس پرێس لە زاری سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردەوە، (عەبدوڵا یاسر سەبعاوی) نەوەی زڕبرای سەدام حسێن، دوای دەستگیرکردنی لەلایەن حکومەتی لوبنانەوە رادەستی ھێزە ئەمنییەکانی عێراق کراوەتەوە.

راشیگەیاند، (عەبدوڵا یاسر) کە لەدایکبووی ساڵی 1994ە، بە تۆمەتی بەشداریکردن لە کۆمەڵکوژی سپایکەر و ئەنجامدانی تاوانی جەنگ  لە عێراق، لە ١١ی حوزەیرانی ئەمساڵ لە لوبنان دەستگیرکراوە.

رۆژی ھەینی وەزارەتی ناوخۆی عێراق بڵاویکردەوە، (عەبدوڵا یاسر سەبعاوی)، کە بە تۆمەتی تێوەگلان لە کۆمەڵکوژیی سپایکەر داواکراو بووە، لە لوبنان دەستگیرکراوە و دەگەڕێندرێتەوە بۆ عێراق.

لە 12ی حوزەیرانی ساڵی 2014، داعش لە بنکەی سەربازیی سپایکەر لە شاری تکریتی ناوەندی پارێزگای سەڵاحەدین، نزیکەی ھەزار و 700 خوێندکاری سەربازیی کوشت.