منداڵپارێزی جیهانی: لە شەش مانگی رابردوودا ژمارەی منداڵانی بەدخۆراک چوار هێندە زیادیکردووە

قامیشڵۆ – نۆرس پرێس

دوێنێ پێنجشەممە، رێکخراوی منداڵپارێزی جیهانی راپۆرتێکی سەبارەت بە منداڵانی بەدخۆراک لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوبەری خۆسەری بڵاوکردەوە، بە گوێرەی راپۆرتەکە، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا تەنیا 6,650 کەیسی بەدخۆراکییان تۆمارکردبوو، بەڵام لە دوای ئەو ماوەیە 10,000 کەیسی نوێیان تۆمارکردووە.

بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئێستا سووریا بە سەختترین قەیرانی ئابووریدا تێدەپەڕێت لە دوای 2011ـەوە و 90٪ی دانیشتووانە 18 ملیۆنیەکەی برسین. هۆکاری خراپتربوونی باری هاووڵاتیانیش بۆ پەتای کۆڤید 19، وشکەساڵی، شەڕ و کەوتنی ئابووریی لوبنان دەگەڕێندرێتەوە.

بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، تەنیا لەنێوان ساڵانی 2019 بۆ 2021 نرخی خۆراک لە سوریا بە رێژەی 800٪ زیادیکردووە.

بەگوێرەی رێکخراوی منداڵپارێز، لە شەش مانگی رابردوودا، لە هەر 19 ناوەندەکەی تایبەت بە چارەسەری بەدخۆراکی، ژمارەی منداڵانی بەدخۆراک لە 256 کەیسەوە بۆ 1000 کەیس، واتە چوار هێندە زیادیکردووە.

دوای ئەوەی لە 2020 دەروازەی (تل کۆچەر)ی نێوان سوریا و عێراق بەهۆی ڤیتۆی رووسیا و چینەوە لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بە داخراوی مایەوە، گەیشتنی هاریکارییەکان بۆ هەندێک ناوچەی کە لە ژێر دەستی هێزە کوردییەکانن سنووردارکراوە.

بیت رۆر، سەرۆکی رێکخراوی منداڵپارێزی جیهانی لە سووریا دەڵێت، “لانیکەم 60٪ی دانیشتووانی سووریا خۆراکی پێویستیان دەستناکەوێت، دۆخەکەش رۆژ لە دوای رۆژ خراپتر دەبێت”.