ئەمریکا سەرکۆنەی هێرشەکانی حکومەتی سوریا و رووسیا دەکات بۆ سەر کامپێکی پەنابەران
دیمەشق – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ چوارشەممە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەو هێرشانەی شەرمەزار کرد کە هێزەکانی حکومەتی سوریا بۆ سەر کەمپەکانی ئاوارەکان لە باکوری رۆژئاوای سوریا یەکشەممەی رابردوو ئەنجامیاندا و بەهۆیەوە 80 کەس کوژران و برینداربوون.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە دیمەشقی پایتەخت، لە بەیاننامەیەکدا داوای کرد، “ئەو کەسانەی بەرپرسیارن لە هێرشە ترسناکەکانی سەر کامپی پەنابەران لە باکووری رۆژئاوای سوریا لەلایەن رژێمی ئەسەد و پشتیوانە رووسەکانیانەوە، لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت، کە بووە هۆی کوژران و برینداربوونی زیاتر لە 80 کەس بە منداڵیشەوە.”
رایانگەیاند، “هاوشێوەی ئۆکرانیا، رووسیا لە سوریاش زانیاری ناڕاست بەکاردەهێنێت بۆ تاوانبارکردنی قوربانییەکان و لادانی سەرنج لە تاوانکارییەکانی رووسیا و هاوپەیمانەکانیان، بە ئاماژەدان بە بەیاننامەی ناوەندی ئاشتەوایی رووسیا لە بنکەی حمێمیم لە سوریا کە پاساوی هێرشەکانی حکوومەتی هێنایە ئاراوە.”
دووشەممەی ڕابردوو، ناوەندی ئاشتەوایی ڕووسیا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: هێزەکانی حکومەتی سوریا هێرشیان کردە سەر شوێنەکانی دەستەی تەحریرشام (جەبهەی نوسرەی پێشوو)، لە وەڵامی هێرشێکدا کە لەلایەن ئەو دووەمیانەوە ئەنجامدرا، و بووە هۆی گیانلەدەستدانی سەربازانی سوریا.”
پێش ئەوە حمێمیم رایگەیاندبوو کە “جەبهەی نوسرە ئامادەکاری دەکات بۆ ئەنجامدانی هێرش دژ بە کامپی ئاوارەکان لە ئیدلب و حکومەت و هێزەکانی رووسیا تۆمەتبار دەکات بەو کارە.”
باڵیۆزخانەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەدا کە “راستییەکان روونن، بۆمبەکانی رووسیا و رژێم خەریکی کوشتنی سورییە بێتاوانەکانن، بۆردومانەکە رابگرن، درۆکان رابگرن.”