داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە دوو کردەوەی دژ بە هەسەدە راگەیاند
دێرەزوور – نۆرس پرێس
شەوی سێشەممە، داعش لە رێگەی ناسێنەرە نزیکەکانییەوە، بەرپرسیارێتی خۆی لە دوو ئۆپەراسیۆنی دژ بە هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور لە رۆژهەڵاتی سوریا راگەیاند.
ئاژانسی هەواڵی ئەعماق کە نزیکە لەو رێکخراوە رایگەیاند، چەکدارەکانیان بە چەکی ئۆتۆماتیکی بازگەی “ئەلعەتال”یان کردە ئامانج، لە دەروازەی هاتنە ژوورەوەی شارۆچکەی ئەلشەحێل لە رۆژهەڵاتی دێرەزوور.
ئەعماق ئاماژەی بەوەشکرد، ئەندامێکی هەسەدە “کوژراوە” و یەکێکی دیکەش بریندار بووە.
سەرچاوەیەکی سەربازی لە ناوچەکە بڵاویکردەوە، لە هێرشێکدا کە لەلایەن دوو چەکداری نەناسراوەوە ئەنجامدراوە، ئەمڕۆ سێشەممە، ئەندامێکی هێزەکانی هەسەدە گیانی لەدەستداوە و یەکێکی دیکەش برینداربووە.
لە راگەێنراوێکی جیادا، ئەعماق ئاماژەی بەوەکردووە، چەکدارانی داعش بە چەکی ئۆتۆماتیکی خاڵێکی پشکنینی هێزەکانی سوریای دیموکراتیان لە نزیک شارۆچکەی ئەلسەبا لە رۆژهەڵاتی دێرەزوور کردوەتە ئامانج.
ئەعماق ئاماژەی بەوەشکرد، بەئامانجکردنەکە بووەتە هۆی “کوژرانی” ئەندامێک و برینداربوونی دوو ئەندامی دیکە.
لە 2ی ئەم مانگەدا، داعش بەرپرسیارێتی خۆی لەکردنە ئامانجی ئەندامێکی هێزێکی ئاسایشی ناوخۆ لە شارۆچکەی ئەلحەریجی، لە گوندەواری باکووری دێرەزوور، راگەیاند.