پارێزەرانی دۆسیەی ژینا ئەمینی: دەزگای دادی ئێران وەڵامی تانەلێدانیان لە راپۆرتی پزیشكی دادی ناداتەوە

هه‌ولێر- نۆرس پرێس

پارێزەرانی دۆسیەی ژینا ئەمینی سكاڵای ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ دەزگای داد ئێران وەڵامی تانەلێدانیان لە راپۆرتی پزیشكی دادی ئێران ناداتەوەو  تاوەکو ئێستاش رێگە نەدراوە چاویان بە دۆسیەکەی ژینا بکەوێت.

ئه‌مرۆ سێ شه‌ممه‌ د. ساڵح نیکبەخت، سەرۆکی تیمی پارێزەرانی ماڵباتی ژینا ئەمینی رایگه‌یاند، چەندینجار داوایان کردووە چاویان بە دۆسیەی ژینا ئەمینی بکەوێت، بەڵام تاوەکو ئێستا رێگەیان پێنەدراوە.

ئامژه‌ی به‌وه‌شكرد، تانەیان لە راپۆرتی کۆمیسیۆنی پزیشكی دادی ئێران لەبارەی هۆکاری گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی داوە و داوایانکردووە، کۆمیسیۆنێک بە بەشداریی ژمارەیەک پزیشکی شارەزایی جێی متمانەی کەسوکاری ژینا پێکبێت، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو داواکارییەشیان پەسند نەکراوە.

پارێزەرانی دۆسیەی ژینا ئەمینی داوایان کردووە ڤیدیۆی کاتی دەستبەسەرکردن و گواستنەوەی ژینا ئەمینی بۆ بنکەی پۆلیسی رەوشتی تارانیان پێبدرێت و هەروەها لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەو چوار پۆلیسەدا بکرێت کە لە ئۆتۆمبێلەکەدا بوون، بەڵام ئەوانەش جێبەجێ نەکراون.

ئاماژەیان بەوەش داوە، ماڵباتی ژینا پێداگرن لەسەر وەرگرتنی گوتەی ئەو کەسانەی لەگەڵ ئەو دەستبەسەرکرابوون، بە ئامادەبوونی برا و کچە پووری ژینا کە شایەدحاڵی رووداوەکە بوون.

پارێزەرانی دۆسیەی جه‌خت ده‌كه‌نه‌وه له‌وه‌ی‌، ئەگەر لە قۆناخی سەرەتاییدا لێکۆڵینەوەی تەواو و دادپەروەرانە نەکرێت، رەوتی دادگایی دۆسیەکە بەلاڕێدا دەچێت، بۆیە داوا دەکەن داواکاریی کەسوکار و پارێزەرانی دۆسیەکە جێبەجێ بکرێن. دەشڵێن، ئەگەر بەرپرسانی دادوەری و پۆلیس، پێداگری لەسەر بۆچوونی خۆیان بکەن و ناڕەزایی یاسایی کەسوکاری ژینا لەبەرچاو نەگیرێت، کاریگەریی خراپی لەسەر رەوتی دادگاییەکە و متمانەی گشتی دەبێت.

 پارێزەرانی دۆسیەکە ئه‌وه‌شیان ئاشكراكرد، تەنیا کاتێک دەتوانن کار لەسەر دۆسیەکە بکەن و داکۆکی لە سیستمی دادوەری ئێران بکەن کە خواستەکانیان لەبەرچاو بگیرێت و جێبەجێ بکرێن.

ژینا ئەمینی لە به‌راواری 16-09-2022، لە تاران گیانی لەدەستدا، دوای ئەوەی بۆ ماوه‌ی سێ رۆژ له‌لایه‌ن بنکەی پۆلیسی رەوشتی تاران ده‌ستگیكرابووو باوکی ژیناش جه‌خت ده‌كاته‌وه‌ كه‌ کچەکەی لەلایەن هێزەکانی پۆلیسەوە لێی دراوە و بەوهۆیەوە گیانی لەدەستداوە.