ئەو شاندە ئەمریکیەی سەردانی کامپی هۆلیان کرد کێ بوون؟
قامیشلۆ – نۆرس پرێس
دوێنێ دووشەممە، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە دیمەشق لە رێگەی هەژمارە فەرمییەکانییەوە رایگەیاند، کۆتایی هەفتەی رابردوو شاندێکی چەند دەزگایەکی ئەمریکی سەردانی کەمپی هۆلیان لە باکووری رۆژهەڵاتی سوریا کردووە.
نۆرس پرێس پەیوەندی بە سەرچاوەیەکی میدیاییەوە کرد لە هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە یەکێک لە بنکەکانی لە باکوری سوریا و رایگەیاند، شاندەکە لە حەوت بەرپرس و کارمەندی وەزارەتەکانی دەرەوە و بەرگری ئەمریکا پێکهاتبوون.
شاندەکە پێکهاتبوو لە یان مەککۆری، جێگری رێکخەری نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ئیان مۆس، جێگری رڕێکخەری بەرەنگاربوونەوەی توندڕەوی توندوتیژی و ناوەندەکانی دەستبەسەرکردنی تیرۆریستان لە نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری وەزارەتی دەرەوە و سەرۆکی ئەرکانی نێردەی تایبەت بوو بۆ داخستنی لە گوانتانامۆ.
سکۆت تۆرنەر، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بۆ دانیشتووان و کۆچبەران و پەنابەران، ئالان گۆڵدنبێرگ، کە لە کارگێڕی وەزارەتی بەرگریدا خزمەت دەکات، جەیک ئاڵتەر، لە ئۆفیسی وەزیری بەرگریدا خزمەت دەکات و ئەفسەری وڵاتە بۆ کاروباری سوریا لە نووسینگەی سیاسەتی وەزارەتی بەرگری.
هەروەها ماتیۆ ماکفارلین، فەرماندەی هێزی ئەرکی هاوبەشی یەکگرتوو – ئۆپەراسیۆنی توانای پۆڵاین و کەسی حەوتەم کە سەرچاوەکە وتی ناوی بەڕێز تۆدەرە، لە وەزارەتی بەرگری ئەمریکا کار دەکات.
باڵیۆزخانەی ئەمەریکا داوای لەو وڵاتانە کرد کە هاووڵاتییانیان لە کامپەکانی رۆژئاوای کوردستانن، هاوکاربن لە گێڕانەوەی هاووڵاتیانیان بۆ وڵاتی خۆیان.
باڵیۆزخانەکە رایگەیاندووە کە سەردانەکە بۆ “تاوتوێکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕاندنەوە بۆ وڵات” بووە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ هەزاران خێزانی بیانی لە کامپی هۆل.