فەرەنسا سەرکۆنەی بۆردومانەکانی حکومەت و رووسیا دەکات بۆ سەر کامپەکانی باکووری سوریا
قامیشلۆ – نۆرس پرێس
دوێنێ دووشەممە، وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا سەرکۆنەی بۆردومانی هێزەکانی حکومەتی سوریا و رووسیای بۆ سەر کامپی ئاوارەکان کرد، کە دەکەونە باکووری رۆژئاوای ئیدلیبەوە.
لە بەیاننامەیەکدا وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا رایگەیاندووە، فەرەنسا بە توندترین شێوە سەرکۆنەی ئەو بۆردومانانە دەکات کە رژێمی سوریا لە 6ی ئەم مانگەدا بە پاڵپشتی رووسیا ئەنجامی داوە لە کەمپی ئاوارەکان لە نزیک شاری ئیدلب.
بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە، حکومەتی ئەسەد و هێزەکانی رووسیا ئۆردوگاکانی ئاوارەیان لە نزیک شارۆچکەی کفر جەلەس لە ڕۆژئاوای ئیدلب بە 30 مووشەکی “زەمین بۆ زەمین” بۆردومان کرد.
ئەم ئۆپەراسیۆنانە بەگوێرەی دوایین ئامارەکان بوونەهۆی گیانلەدەستدانی 9 کەس کە 3یان منداڵ بوون و زیاتر لە 70 کەسی دیکەش بریندار بوون.
وەزارەتی دەرەوە لە بەیاننامەکەیدا جەختی لە پاڵپشتی فەرەنسا بۆ بانگەوازی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و نێردەی تایبەتی خۆی بۆ وەستاندنی شەڕ و پێکدادانەکان لە هەموو خاکی سوریا و چارەسەری سیاسی هاوتەریب لەگەڵ بڕیارنامەی 2254 کردەوە.
لە کاتێکی پێشتری دوێنێدا، ناوەندی ئاشتەوایی رووسیا، رایگەیاند، هێزەکانی حکومەتی سوریا هێرشیان کردووەتە سەر پێگەکانی دەستەی تەحریرشام (جەبهەی نوسرەی پێشوو)، بەگوێرەی رەگەێنراوەکە، ئەمە لە کاردانەوەیەکدا بۆ هێرشێکی تەحریرشام بووە، کە سەربازانی سوریای کردبووە ئامانج.
ئاماژەی بەوەشکرد، هێزی ئاسمانی سوریا “کەمپێکی مەشق و راهێنانی چەکداران و پەناگەی ژێرزەمینییبۆ گروپە چەکدارەکانیان تێکشکاندووە و 93 چەکدار کە لە نێویاندا فەرماندەی مەیدانییەکان بە ناوەکانی “سەدام دالی و عەبدوڵڵا ئەحمەد” هەروەها 135 ئەندامی گروپە تیرۆریستییەکە پاکتاوکراون “.