تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و تویت و پۆستى سیاسى لە هێزە ئەمنیەکانی عێراق قەدەغە دەکرێت
هەولێر – نۆرس پرێس
بەگوێرەى نووسراوێک کە 7ى تشرینى دووەمى 2022، لەلایەن عەبدولکەریم عەبدولحەسەن، سکرتێرى فەرماندەى گشتیى هێزە چەکدارەکان ئاڕاستەى سەرجەم هێزە ئەمنییەکانى سەر بە وەزارەتى بەرگرى و ناوخۆ و دژە تیرۆر و دەستەى حەشدی شەعبی کردووە، ئاماژەى بەوە داوە کە بە رێنوێنی محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیران و فەرماندەى گشتیى ھێزە چەکدارەکان بڕیاردراوە بە گرتنەبەرى رێکاریى لێپێچینەوە و سزاى کارمەندانى ئەو هێزانە کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ تویت و پۆستى سیاسى و زیانگەیاندن بە نەریتى گشتى و هێرشکردن بەکاردەهێنن.
بەگوێرەى نووسراوەکە، ئەو بڕیارە لە کۆبوونەوەى ئەنجوومەنی وەزیرانى 31ى تشرینى یەکەمى 2022، دەرکراوە بەمەبەستى چارەسەرکردنى دیاردەى بەکارهێنانى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەلایەن فەرماندە و ئەفسەران و کارمەندانى هێزە ئەمنییەکانەوە.