ئێران هەرجۆرە دەستێوەردانێکی دەرەکی لە سوریا رەتدەکاتەوە

قامیشلۆ- نۆرس پرێس

ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆك كۆماری ئێران لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ هاوتا سووریەكەی، بەشار ئەسەد، ڕۆژی یەكشەممە دووپاتی كردەوە کە وڵاتەكەی هەر جۆرە دەستێوەردانێكی دەرەكی لە سووریا رەتدەکاتەوە و وتی بەردەوام دەبین لە پشتیوانیكردنی  لە سووریا.

سەرۆكایەتی كۆماری ئێران لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە کە رەئیسی قسەی لەگەڵ ئەسەد كردووە و پێی راگەیاندووە، ئێران بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیكردنی “میحوەری بەرگری و بەتایبەت سووریا”.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، “تاران پشتیوانی له‌ ئاشتی و سه‌قامگیری ده‌كات، هه‌روه‌ها دژایه‌تی هه‌ر ده‌ستێوه‌ردانێك ده‌كات له‌ سووریا” به‌پێی ئه‌وه‌ی ئاژانسی هه‌واڵی فارسی ئێران بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌.

ئەم لێدوانەی بەرپرسانی ئێران دوای هەڕەشەكانی رەجەب تەیب ئەردۆغان دێت بۆ دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی نوێ لە رۆژاڤا.

لەم نێوەندەدا، سەرچاوە سەربازییە ئاگادارەکان ئەمڕۆ بە نۆرس پرێسیان ڕاگەیاند، هێزەکانی حکومەتی دیمەشق ئامادەکاری دەکەن بۆ بڵاوەپێکردنی زۆر لە دەوروبەری کۆبانی و مەنبیج و تەل رەفعەت لە باکووری حەلەب، لە چوارچێوەی ئەو ڕێککەوتنەدا کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠١٩ کە لە ناوچەکانی ئاگربەست لەگەڵ تورکیا و لە ژێر چاودێری ڕووسیادا گرێدرا.