جوڵەی 118-مین کاروانی هاوبەشی رووسیا و تورکیا لە گوندەواری کۆبانی
کۆبانی – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ دووشەممە، پۆلیسی سەربازی رووسیا کاروانێکی هاوبەشی لەگەڵ لایەنی تورکیدا لە گوندەواری رۆژئاوای کۆبانی ئەنجامدا، کە 118هەمین کاروانی نێوان هەردوولایە لە ناوچەکە، لەدوای رێککەوتنی رووسیا و تورکیا سەبارەت بە ئاگربەست لە ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان.
کاروانەکە لە هەشت ئۆتۆمبێلی سەربازی رووسی و تورکی پێکهاتووە و لە گوندی “ئەشمە” 20کم لە رۆژئاوای کۆبانیەوە بەڕێکەوتووە.
کاروانەکە بەم گوندانەدا تێپەڕی؛ “جەرکەلی فەوقانی، جیبە، بەیادیە”، تا گەشتە گوندی “زوور مەغار” کە دەکەوێتە بەرامبەر شاری جەرابوڵوس لە کەناری رۆژهەڵاتی رووباری فورات و دوا گوندی رۆژئاوای کۆبانییە.
دوای ئەوەی گەیشتە گوندی “زوور مەغار”، گەڕایەوە بۆ رۆژهەڵات و بە گوندەکانی “بەیادیە، جیبە، مەشکۆ، بیندەر، قەرەقوی تەهتانی، کۆلا، و سوزان”دا تێپەڕی، گەیشتە بازگەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە نزیک وێسگەکە، لە رۆژئاوای شاری کۆبانی.
دوای ئەوە گەڕایەوە بۆ خاڵی دەستپێکردنی لە گوندی ئەشمە، بە گوندەکانی “سەفتەک، بوبان، خور خووری، دیکمداش، قەران، جەرقاڵی فەوقانی”دا تێپەڕین.
ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانی تورکیا لە دەروازەی نزیک گوندی “ئەشمە” چوونەتە ژوورەوە و ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانی رووسیاش گەڕانەوە بۆ ناوەندەکەیان لە نزیک شارۆچکەی سارین لە باشووری کۆبانی.
بۆ یەکەمجار ئەم کاروانە هاوبەشە بە بێ بەشداریکردنی کۆپتەرەکانی لایەنی رووسی بوو، بەبێ ئەوەی هۆکارەکانی بزانرێت.
رۆژی 31ی ئۆکتۆبەر، رووسیا و تورکیا 117هەمین کاروانی هاوبەشیان لە گوندەواری رۆژهەڵاتی کۆبانی ئەنجامدا.