ئیدلیب – نۆرس پرێس
دوێنێ یەکشەممە، وەزارەتی ناوخۆی تورکیا کۆی گشتیی ئەو پەنابەرە سووریانەی راگەیاند کە بۆ ناوچەکانی باکوری سوریا دیپۆرت کراونەتەوە، تا ئێستا ژمارەیان گەیشتووەتە 531 هەزار و 326 کەس.
ئیسماعیل چاتەکلی، جێگری وەزیری ناوخۆی تورکیا لە میانی کۆبوونەوەی میدیایی مانگانەی تورکیادا رایگەیاند، “ژمارەی ئەو سووریانەی لە تورکیاوە گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان 531 هەزار و 326 کەسن”، بەگوێرەی ئاژانسی ئانادۆڵوی تورکیا.
چاتاکلی ئاماژەی بەوەشکرد، ژمارەی ئەو سورییانەی تا ئێستا لە ناوخۆی تورکیا تۆمارکراون گەیشتووەتە سێ ملیۆن و 611 هەزار و143 کەس.
ئاماژەی بەوەشکرد، “هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لە مانگی ئەیلولی ساڵی رابردوودا 24 هەزار و 998 پەنابەری نایاسایییان دەستگیرکردووە”.
لە سەرەتای مانگی تەمموزدا، حکومەتی تورکیا رایگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە ژمارەی ئەو پەنابەرە سووریانەی کە ناوی خۆیان تۆمارکردووە، نزیکەی پەنجا هەزار کەمیکردووە، “دوای ئەوەی زۆرێکیان گەڕانەوە بۆ سوریا”.
ئەمە لە لایەن ئیسماعیل چاتەکلی، جێگری وەزیری ناوخۆی تورکیا، لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەی یەنی شەفەقی تورکی رایگەیاندووە.
لە ڕاپۆرتێکدا کە لە کۆتایی مانگی رابردوودا، هیومان رایتس وۆچ بەڵگەی لەسەر ئەوە تۆمار کردووە کە دەسەڵاتدارانی تورکیا لە ماوەی نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا بە ئارەزووی خۆیان سەدان پەنابەری سورییان دەستگیرکردووە و دەستبەسەریان کردووە و دیپۆرتیان کردوونەتەوە بۆ سوریا، هاوکات داوای لە کۆمیسیۆنی ئەوروپا کردووە تورکیا بە وڵاتێکی سەلامەت بۆ پەنابەران نەزانێت .