هێزەکانی حکومەت خۆیان ئامادەدەکەن بۆ بڵاوەپێکردن لە مەنبیج و تەل رەفعەت
دیمەشق- نۆرس پرێس
ئەمڕۆ، سەرچاوەیەکی سەربازی ئاگادار بە نۆرس پرێسی راگەیاند، هێزەکانی حکومەتی دیمەشق خۆیان ئامادەدەکەن بۆ بڵاوەپێکردنی چڕ لە چواردەوری کۆبانی و مەنبیج و ناوچەی تەل رەفعەت لە باکووری حەڵەب.
پەیامنێری نۆرس پرێس لە دیمەشق رایگەیاند، هێزەکان بە شێوەیەکی چڕ لە ناوچە سنووریەکان لەگەڵ تورکیا و هاوپەیمانەکان، بڵاو دەکرێنەوە.
چەند سەرچاوەیەکیش باسیان لە هێنانەپێشەوەی ژمارەی زۆری چەک و ئالیەتی قورس کرد بۆ ناوچە سنووریەکان، ئەوەش بە سەرپەرشتی ئەفسەری گەورە و پلەداری حکومەتی سوریا.
هەر بە گوێرەی سەرچاوەکان، ئەم بڵاوەپێکردنەش لە میانەی ئەو رێکەوتنە سەربازیەدا دێت کە ساڵی ٢٠١٩ لە ناوچەکانی ئاگربەست و لەگەڵ تورکیا، بە سەرپەرشتی روسیا، ئیمزاکرا.
مانگی پێشووش، ژمارەیەکی زۆری هێزەکانی حکومەتی سوریا لە شارۆچکەی تەل رەفعەت و دەوروبەری، بڵاوکرانەوە.
لەم ماوەیەی دوایدا، سەرۆکی تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆگان هەڕەشەی ئەنجامدانی هێرشێکی سەربازی کرد بۆ سەر مەنبیج و تەل رەفعەت لە گوندەواری باکووری حەڵەب و رۆژئاوای کوردستان.