سوودانی باس لە پێویستی پلانێكی روون دەکات بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كاره‌با لە عێراق
هەولێر – نۆرس پرێس
دوێنێ شەممە، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی وەزارەتی کارەبای کرد و رایگەیاند، حکومەتەکانی پێشوو پارەیەکی زۆریان لە باشترکردنی کارەبادا خەرجکردووە و هەوڵەکانیان ئەنجامی نەبووە، بۆیە حکومەتی نوێ باشترکردنی کارەبای کردووە بە کاری لەپێشینە و پێویستە تا هاوینی ساڵی داهاتوو دۆخی کارەبا گۆڕانکاری بەرچاوی تیادا بکرێت بە ئاڕاستەی زیادکردنی کاتژمێرەکانی پێدانی بە هاووڵاتیان.
بەپێی راگەیێندراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، سوودانی له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا گوتی: “حكومه‌تی ئێستا پرسی كه‌رتی كاره‌با له‌كاره پێشینه‌كانی داناوه، ئەوەش به‌هۆی گرنگییه‌وه له‌سه‌ر ژیانی هاووڵاتییان”.
نووسینگەی سوودانی دەڵێت، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەکەدا گوتوویەتی: “زیاتر له 15 ساڵه گوژمه‌یه‌كی زۆری پاره به مه‌به‌ستی باشتركردنی كاره‌با خه‌رجكراوه، به‌ڵام زۆر سوودی نه‌بووه؛ قه‌یرانی كه‌میی كاره‌با هه‌ر به‌رده‌وام بووه و بووه‌تە هۆی زیاتركردنی كێشه‌كانی هاووڵاتییان”.
سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق لە کۆبوونەوەکەدا وه‌زیری كاره‌بای راسپارد “كه پلانێكی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كاره‌با دابنێت بۆ ئه‌وه‌ی له سه‌ره‌تای وه‌رزی هاوینی ساڵی داهاتوودا و دواتر ئه‌نجامی به‌رچاوی هه‌بێت”.
بەگوێرەی وەزارەتی کارەبای عێراق، ئێستا بەرهەمی رۆژانەی کارەبای عێراق 24 هەزار مێگاوات کارەبایە و بەمەش دەتوانن رۆژانە لەنێوان 14 بۆ 20 کاتژمێر کارەبا بدەن، بەڵام بۆ دابینکردنی 24 کاتژمێر کارەبا پێویستە عێراق رۆژانە 32 هەزار مێگاوات کارەبای هەبێت.