بایدن: بەردەوام دەبین لە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ عەرەبستانی سعودیە وەک هاوبەشێکی ستراتیژی درێژخایەن

هەولێر- نۆرس پرێس

سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن بە هۆی بڕیاری سەردانکردنی سعودیەوە روبەڕووی رەخنە بووەوە، ئەویش بە هۆکاری پێشینەی خراپی ئەو وڵاتە لە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ، بایدن لە بۆچوونێکدا بەرگری لە بڕیارەکەی کرد و پێداگری کرد لەسەر ئاڕاستەکردنەوە نەک پچڕانی پەیوەندییەکان لەگەڵ سعودییە وەک هاوبەشێکی ستراتیژی درێژخایەن.

بایدن لە وتارەکەیدا کە ئێوارەی دوێنێ، شەممە لە ڕۆژنامەی “واشنتۆن پۆست” بڵاویکردووەتەوە، ئاماژەی بە پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە و دەڵێ ئەو وایکردووە ناوچەکە زیاتر سەقامگیر و ئاسایش بێت بە بەراورد بە ئیدارەکەی ترەمپ.

 لەنێو ئەو پێشکەوتنانەی کە بایدن ئاماژەی پێکردووە “دیپلۆماسی چڕ و هەروەها کردەوەی سەربازی دژی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)” بوون.

بەڵام لەو بەشەی وتارەکەیدا کە تایبەتە بە پەیوەندیی سعوودیە بە تایبەتی، ئەو بە شێوەیەکی بەرگریکار دەرکەوت، سەرەڕای داواکاری هەندێک لەهاوڵاتیانی  ئەمریکی کە بە سەردانیکردنیان شەرعیەت بە دەسەڵاتدارانی سعودیە نەدەن.

بایدن هێز و ئاسایشی ئەمریکای بە ڕووبەڕووبوونەوەی دەستدرێژی روسیا و کێبڕکێی چینەوە گرێدا، ئاماژەی بەوەدا پەیوەندی ڕاستەوخۆ لەگەڵ وڵاتانی وەک سعودیە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە بەهێزکردنی ئەم هەوڵانە.

سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکردووە، ئامانجی بەهێزکردنی پەیوەندی هاوبەشی نێوان ئەمریکا و سعودییە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی و بەرپرسیارێتی هاوبەش، لە هەمان کاتدا بەها سەرەکییەکانی ئەمریکا بەرزدەکاتەوە.

بایدن نوسیویه‌تی: ده‌زانم زۆرێک  له‌گه‌ڵ بڕیاره‌كه‌م نەبوون بە گه‌شتكردن بۆ سعودیه‌، بۆچوونەکانم بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕوون و دێرینە، ئازادییە بنەڕەتییەکان هەمیشە لە بەرنامەی کارکردنمدان لە گەشت کردنمدا بۆ دەرەوەی وڵات، بەهەمان شێوەش لەم گەشتەدا و هەروەها لە ئیسرائیل و کەناری ڕۆژئاواش.

پێشبینی دەكرێت لە ناوەڕاستی مانگی تەمموزدا بایدن لە گەشتەكەیدا بۆ سعودیە چاوی بە شازادەی جێنشین بكەوێت.