سیاسەتمەدارێکی سوریا: تورکیا لە ناوچە “داگیرکراوەکان” ئۆردوگای”ڕەگەزپەرستانە” دروست دەکات

مونبج – نۆرس پرێس

بەرپرسێکی پارتی سوریای ئایندە لە مونبجی باکووری سوریا ڕایگەیاند، دروستکردنی “ ئۆردوگاكانی نیشته‌جێبون” لە عەفرین و ئیدلب لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە بۆ هێنانەدی گۆڕانی دیمۆگرافی و “ڕەگەزپەرستانە”یە لە ناوچە “داگیرکراوەکان”.

تورکیا ساڵانێکە کار بۆ دروستکردنی ئۆردوگاكانی نیشتەجێبوون لە ناوچە جیاجیاکانی ئیدلب و عەفرین و باکووری حەلەب دەکات، بە ئامانجی نیشتەجێکردنی پەنابەرانی سوریا لەوێ، کە چالاکوانان بە گۆڕانکاریی دیمۆگرافییان ناوی ده‌به‌ن.

محەممەد به‌ركل، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارتی سوریای ئاینده‌ لە مونبج وتی: ئامانجی دەوڵەتی تورکیا له‌ دروستکردنی ئۆردوگاكانی نیشتەجێبوون لەو ناوچانەی داگیری کردووە، گۆڕانکاری دیمۆگرافی و هەڵاواردنی ڕەگەز په‌رستی بەدوای خۆیدا بهێنێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، “مەبەستی تورکیا له‌ داگیرکردنی بەشێک لە خاکی سوریا و لکاندنی بە خاكه‌كه‌یوه‌ گۆڕینی دیموگرافیه‌، ئه‌وه‌ش پێشێلکردنی پەیماننامه‌ نێودەوڵەتییەکان ، پێویستە حکومەتی سوریا بەرامبەر ئەو جۆرە تەماحانە بوەستێتەوە”.

مانگی ئەیلولی ساڵی ڕابردوو، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، لە میانی وتارەکەیدا لەبەردەم کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، داوای لە وڵاتانی جیهان کرد پشتیوانی لە هەوڵەکانی تورکیا بکەن بۆ بنیاتنانی ئۆردوگانی نیشتەجێبوون لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی لە باکووری سوریا.

به‌ركل ئاماژەی بەوەدا کە “تورکیا دەستوەردانی لە پرسی سوریادا کردووە، لە سەرەتای شۆڕشەوە، پلانه‌كانی چێ به‌چێ كردوه‌ بۆ ئەوەی گۆڕانکاری لە ڕژێمی سوریادا بكات

ئەو سیاسەتمەدارە سورییە داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد دوای ئاوارەبوونی دانیشتوه‌ ڕەسەنەکانی ئه‌و ناوچانه‌ ، ڕێگا له‌ توركیا بگرن له‌ دروستكردنی ئۆردوگاكانی نیشتەجێبوون،

ئامادەکردنی: فادی حوسێن – داڕشتنه‌وه‌: زانا ئه‌لعالی