کۆنگرەی 14ی پارتی لە دهۆک دەستیپێکرد

هەولێر- نۆرس پرێس

بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە کۆنگرەی 14ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری دهۆک بەبەشداریی 1020 نوێنەر دەستیپێکرد و بۆ ماوەی سێ بەردەوام دەبێت.

لە رابردوودا پارتی دیموکراتی کوردستان 13 کۆنگرەی بەستووە و یەکەمجاریشە کۆنگرەی خۆی لە سنووری دهۆک دەبەستێت، ژمارەی ئەندامانی کۆنگرەی پارتی 1020 ئەندامە و ئەندامانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی هەڵدەبژێرن و دەنگیش بە پەیڕەوی ناوخۆی حزب دەدەن.

لە مانگی ئابی ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەندامانی کۆنگرە لە ئۆرگانەکانی پارتی دەستیپێکرد، زیاتر لە 600 هەزار ئەندام مافی دەنگدانیان هەبوو، کە 800 ئەندام بۆ بەشداریکردن لە کۆنگرەی 14ی پارتی هەڵبژێردران، جگە لە ئەندامانی هەڵبژێردراو بەپێی پەیڕەوی کۆنگرە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی بەبێ دەنگدان دەبنە ئەندامی کۆنگرە، هەروەها لە سەدا 25ی ئەندامانی کۆنگرەش دەبێت ئافرەت بن.

دوایین کۆنگرەی پارتی کە کۆنگرەی 13 بوو، لە ساڵی 2010 بەسترا، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی ئەو حزبە، دەبێت هەر چوار ساڵ جارێک کۆنگرە بکرێت، بەڵام بەهۆی شەڕی داعش و پەتای کۆرۆنا کۆنگرەی 14ی پارتی دواکەوت.

پارتی دیموکراتی کوردستان له‌ ساڵی 1946 دامه‌زراوه‌ . به‌درێژایی ته‌مه‌نی چه‌ندین شۆڕشی ئه‌نجامداوه،‌ وەکو ‌ شۆڕشی ئەیلوول و شۆڕشی گوڵانی ، هەروەها رۆڵێكی سه‌ره‌كی له‌ دامه‌زراندنی به‌ره‌ی كوردستانی و راپه‌ڕینی به‌هاری ساڵی 1991دا هەبووە.

مێژووی كۆنگره‌كانی پێشووتری پارتی دیموكراتی كوردستان:.

‌1. کۆنگرەی یەکەم: ١٦ی ئابی ١٩٤٦، بە نھێنی لە شاری بەغداد، لە ماڵی (سەعید فەھیم) بەسترا، بە ئامادەبوونی نزیکەی (٧٠) نوێنەر.

2. کۆنگرەی دووەم: لە مانگی ئازاری ساڵی (١٩٥١) لە شاری بەغداد، ماڵی (عەلی حەمدی) بەسترا، بە ئامادەبوونی نزیکەی (٣٠) نوێنەری لق و ناوچەکانی پارتی.

3.کۆنگرەی سێیەم: ٢٦ی کانوونی دووەمی ١٩٥٣، لە شاری کەرکووک، بە ئامادەبوونی نزیکەی (٣٥–٤٠) نوێنەر بەسترا.

4. کۆنگرەی چوارەم: ٤–٧ی تشرینی یەکەمی ١٩٥٩، لە شاری بەغداد، ماڵی (کاکە زیاد) بە سەرپەرشتی مەلا مستەفا بارزانی بەسترا.

5. کۆنگرەی پێنجەم: مانگی ئایاری ساڵی (١٩٦٠)، لە بارەگای ئەوکاتی حزب لە شاری بەغداد، بەسترا.

6. کۆنگرەی شەشەم: لە سەرەتای مانگی تەممووزی ساڵی (١٩٦٤) لە شارۆچکەی قەلێدزێ بەسترا.

7. کۆنگرەی حەوتەم: ١٥ی تشرینی دووەمی ١٩٦٦، لە گەڵاڵە بەسترا.

8. کۆنگرەی ھەشتەم: ١ی تەممووزی ١٩٧٠، لە ناوپردان بە ئامادەبونی (٤٨٨) نوێنەر بەسترا.

9. کۆنگرەی نۆیەم: ٤ی تشرینی یەکەمی ١٩٧٩، بەسترا و، تێیدا (مه‌سعود بارزانی) بەسەرۆک هه‌ڵبژێردرا

10. کۆنگرەی دەیەم: ٢–١٢ی کانوونی یەکەمی ١٩٨٩، لە (مەرگەوەڕ) بە بەشداری (٣٣٢) نوێنەر بەسترا.

11. کۆنگرەی یازدەیەم: ١٩٩٣، لە ھەولێری پایتەخت، بە بەشداری (٢١٧٦) نوێنەر بەسترا.

12. کۆنگرەی دووانزەیەم: ٦–١٤ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٩، لە ھەولێر، بە بەشداری (١٤٧٣) نوێنەر بەسترا.

13. کۆنگرەی سێزدەیەم: ١١ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٠، لە ھەولێر، بە بەشداری زیاتر لە (١٥٠٠) نوێنەر بەسترا.