هەولێر – نۆرس پرێس
محهممهد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق له كۆنفرانسێكی رۆژنامهوانیدا رایگهیاند: بە جددی دەکەین، بۆ ئەوەی پێش هاتنی پشووی پەرلەمان بودجە ئامادەبکرێت. گوتیشی: “بە زووترین کات بڕیاری نوێ دەردەکەین بۆ کەمکردنەوەی ئاستەنگ و کێشەکانی بەردەم هاووڵاتییان”.
سوودانی گوتی: “بە وەزارەتەکانمان راگەیاندووە بودجەی 2023 ئامادە بکەن، بە جددی کار دەکەین بۆ ئەوەی پێش هاتنی پشووی پەرلەمان بودجە ئامادەبکرێت، دەمەوێت رایبگەیەنم ئەم حکومەتە پابەندە بەوەی یاسا جێبەجێبکات، یاسا رێگەیداوە بە بانکی ناوەندی سیاسەتی پارە دەستنیشان بکەن، هەر بڕیارەك لە بانکەکە بدرێت ئێمە پابەندی دەبین، هەروەها پارێزگاریش لە سەربەخۆیی بانکەکە دەکەین”.
راشیگەیاند: “سەبارەت بە بڕیاری گۆڕانی بەهای ئاڵوگۆڕی دراو کە پێشترا دەرکرا، هیچ رێکارێکی لەگەڵ دەرنەکراوە، بۆ ئەوەی چینی هەژار و مامنەوەند و ئەوانەی داهاتییان سنوردارە پارێزراوبن، ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی کێشە بۆ هاووڵاتییان”.
سەرۆک وەزیرانی عێراق، دەشڵێت: “ئێمە وەك حکومەت پابەندین لە پاراستنی هەموو چین و توێژانەکانی عێراق، هەوڵدەدەین لە ئایندەیەکی نزیکدا بڕیاری نوێ دەربکەین، بۆ کەمکردنەوەی ئاستەنگ و کێشەکانی بەردەم هاووڵاتییان”.
کۆنفرانسی رۆژنامەوانیدا محەمەد شیاع سوودانی، دوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بوو کە رۆژی سێشەممە 1/11/2022 بەڕێوەچوو، تێیدا ژمارەیەک بڕیاری کابینەی پێشتری حکومەتی عێراقی هەڵوەشاندەوە.
لێپرسراوێکی وەزارەتی دارایی عێراق کە ناوەکەی ئاشکرا نەکردووە بە میدیاکانی عێراقی راگەیاندووە، پڕۆژە یاسای بودجەی 2023ی عێراق بۆ یەکەمینجار لە ماوەی چەندین ساڵدا 100 ملیار دۆلار تێدەپەڕێنێت، ئەوەش بەھۆی ئەوەی داھاتی زۆر بۆ عێراق گەڕاوەتەوە و ھەوڵدەدرێت قەرەبووی پڕۆژە راگیراوەکان بکرێتەوە.
وتیشی، بۆ یەکەمینجار خەرجی بەگەڕخستن کەمتر دەبێت لە خەرجی تایبەت بە وەربەرھێنان و گەشەسەندن و بوژانەوەی ژێرخانەکان.
ئەو لێپرسراوەی وەزارەتی دارایی عێراق راشیگەیاندووە، پێشبینیدەکرێت پڕۆژە یاسای بودجە لە ماوەی مانگێکدا رەوانەی ئەنجومەنی وەزیران بکرێت و دواتر بنێرێتە ئەنجومەنی نوێنەران بۆ دەنگدان لەسەری.
دوێنێش وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، دەستیانکردووە بە ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی داھاتوو.