قەیرانی سووتەمەنی لە گوندەواری باکووری حەڵەب بەرەو خراپتر دەڕوات

گوندەواری باکووری حەڵەب – نۆرس پرێس

لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی زستان و بەردەوامبوونی ئەو گەمارۆیەی فیرقەی چوارەمی حکومەتی سوریا بەسەر ناوچەکەدا سەپاندوویەتی، قەیرانی سووتەمەنی لە گوندەواری باکووری حەڵەب خراپتر دەبێت.

دەیان هەزار ئاوارەی عەفرین لە 5 کامپ و شارۆچکەی گوندەواری باکووری حەڵەب دەژین، ئەمەش دوای ئەوەی تورکیا لە ساڵی 2018دا شارەکەیانی داگیر کرد.

محەممەد حەنان، کارگێڕی ئەنجومەنی شارۆچکەی تل رەفعەت لە گوندەواری باکووری حەڵەب، ئەمڕۆ سێشەممە بە نۆرس پرێسی راگەیاند، گەمارۆکە تەنها خۆراک و دەرمان و سووتەمەنی و سەپاندنی باج لەسەر ئۆتۆمبێلی گواستنەوە ناگرێتەوە، بەڵکو گەشتووە بە دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلەکان و زۆرجار رێگری لە پەڕینەوەی دانیشتووان دەکەن.

 ترسی ئەوەی هەبوو لە زستاندا گەمارۆدانەکە بەردەوام بێت، چونکە لە کۆی 3665 کەسی ئاوارەی عەفرین کە لە شارۆچکەی تل رەفعەت نیشتەجێن، 1662 خێزان هێشتا ئەمساڵ سووتەمەنییان دەست نەکەوتووە.

لای خۆیەوە عەبد ئەلکەریم حەماشۆ، کارگێڕ لە شارەوانی تل رەفعەت، ئاماژەی بەوەدا، لە ئەنجامی گەمارۆکەدا، کاتژمێری کارکردنی مۆلیدەکانی کارەبایان لە حەوت کاتژمێرەوە بۆ سێ کاتژمێر لە رۆژێکدا کەمکردوەتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، “ئەگەر نەوت و گازۆیل نەیەت بۆیان، نەک تەنها کارەبا لەدەست دەدەن، تەنانەت پەمپەکانی ئاویش کارناکەن”.

بە وتەی ژمارەیەک خاوەن وێستگە و خاوەن ئۆتۆمبێل، نرخی لیترێک گازۆیل لە شارۆچکەی تل رەفعەت دەگاتە حەوت هەزار و 500 لیرەی سوری.

دوێنێ دووشەممە، کارگێڕێک لە لیژنەی پەروەردە لە گوندەواری باکووری حەڵەب، لە لێدوانێکدا بۆ نۆرس پرێس، رەخنەیان لە نەبوونی رێکخراوی تەندروستی و فریاگوزاری لەو ناوچەیە گرت، کە ژمارەیەکی زۆر لە کامپی ئاوارەکانی لێە و رایانگەیاند کە لەوێ مەترسی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆلێرا و لەدەستدانی پێداویستییە تەندروستییەکان هەیە، بەهۆی ئەو گەمارۆیەی حکومەتی سوریا سەپاندویەتی بەسەریاندا.

ئامادەکردنی: جەمیل جەعفەر – داڕشتنەوەی : رەهەف یوسف