بەڕێوبەری خۆسەری 100 هەزار لیرە بۆ موچەخۆرانی زیاد دەکات
رەققە – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ یەکشەممە، بەڕێوبەری خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوررۆژئاوای کوردستان، بڕیاری زیادکردنی مووچەی فەرمانبەرانی دەرکرد، ئەویش دوای نزیکەی حەوت مانگ لە گفتوگۆکردن هات لەسەر ئەو بابەتە.
لە شەشی مانگی نیسانی رابردوو، لوقمان ئەحمی، گوتەبێژی بەڕێوبەری خۆسەر لە لێدوانێکی فەرمیدا بۆ تەلەفزیۆنی “رۆژاڤا” رایگەیاند، لە کۆبوونەوەیەکەیاندا باسیان لە زیادکردنی مووچە کردووە و لە ماوەی هەفتەیەکدا دوای لێدوانەکەی زیاد کردنەکە دەکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە.
بەڕێوبەری خۆسەر، لە بڕیارنامەی ژمارە 384ی خۆیدا، زیادکردنی 100 هەزار لیرەی سوری (کەمتر لە 20 دۆلار)ی ، بۆ کارمەندانی ناو دامودەزگاکانی، راگەیاند و لە بڕیارەکە گرێبەستی ئەزمونی ناگرێتەوە، بەڵام گرێبەستی یاسایی و کەسوکاری شەهیدانی لەخۆدەگرێت.
بەگوێرەی لێکۆڵینەوەیەک کە ئەمساڵ لەلایەن نووسینگەی ناوەندی ئامار و پرۆگرامی جیهانی خۆراک ئەنجامدراوە، نزیکەی 8.3%ی خێزانەکان لە سوریا بەدەست نەبوونی ئاسایشی خۆراکەوە دەناڵێنن.
لە کاتێکدا 47.2% بەدەست نەبوونی مامناوەندی ئاسایشی خۆراکەوە دەناڵێنن و 39.4% لە ئاسایشی خۆراکی قبوڵکراودا دەژین، بەڵام لەگەڵ هەر بەرزبوونەوەیەکی نرخدا، بەرکەوتەی نەبوونی ئەو ئاسایشە دەبن.
ئەم زیادکردنە نزیکەی %40ی مووچەی فەرمانبەران دەکات و نزیکەی %10ی دانیشتوان دەگرێتەوە و بەشێوەیەکی گشتیش زیادبوونی مووچە بەرزبوونەوەی نرخ و گرانی ژیان بەدوای خۆیدا دەهێنێت، بەپێی چاودێران.