کوژرانی 100 کەس لە تەقینەوەی دوو ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراو لە پایتەختی سۆماڵ

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ یەکشەممە، بەگوێرەی راگەیەندراوی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، ژمارەی کوژراوانی دوو ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو لە مەقدیشۆی پایتەختی سۆماڵ بۆ نزیکەی 100 کەس بەرزبووەوە.

دوێنێ شەممە، تەقینەوەی دوو ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو لەماوەی چەند خولەکێکدا، لەسەریەک، لە یەکتربڕێکی قەرەباڵغ لە مەقدیشۆی پایتەختی سۆماڵ روویاندا و بە سەدان کوژراو و برینداری لێکەوتەوە، وێرانکارییەکی بەرفراوان لە شوێنی ئامانجەکەش کەوتەوە.

سەرۆکی سۆماڵ دوای پشکنینی شوێنی هێرشەکە وتی: تا ئێستا ژمارەی کوژراوان گەیشتووەتە 100 کەس، هەروەها 300 برینداریش هەیە.

دەرئەنجامەکە هێشتا سەرەتاییە، چونکە پێدەچێت لە کاتێکی دواتردا بەرزبێتەوە، بەپێی ئەوەی سەرۆکی سۆماڵ ئاماژەی پێکردووە.

دوای تەقینەوەکانیش، تەقەیەکی زۆر کراوە، لە وێنە و گرتەڤیدیۆییەکاندا دەرکەوتووە کە شووشەی باڵەخانەکانی نزیک دەشکێنرێت و دوکەڵ و خۆڵ بەسەر ئاسمانی ناوچەکەدا بەرزبووەتەوە.

ئەو شوێنەی کە کراوەتە ئامانج، هەمان ئەو شوێنەیە کە لە پاییزی ساڵی 2017دا تەقینەوەیەکی گەورەی بەخۆوە بینی کە لانیکەم 500 کەس گیانیان لەدەستداوە و سەدانی دیکەش برینداربوون.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبەیر