لە ئوردون فیلمێکی درامی دەرهێنەرێکی کوردی رۆژئاڤا نمایش دەکرێت
قامیشلۆ – نۆرس پرێس
فیلمی درامی “دراوسێکان” لە دەرهێنانی دەرهێنەری کوردی رۆژئاڤا، مانۆ خەلیل لە ماوەی شەش رۆژی یەکەمی مانگی تشرینی دووەمی داهاتوو لە ئوردن نمایش دەکرێت.
فیلمەکە زیاتر لە 50 خەڵاتی نێودەوڵەتی لە چەندین فێستیڤاڵدا بەدەستهێناوە، و لە 1 بۆ6 ی مانگی داهاتوو، لە سینەمای “رینبۆ” لە عەمانی پایتەخت نمایش دەکرێت.
دوێنێ شەممە، دەرهێنەر مانۆ خەلیل لە روپەڕی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسیویەتی فیلمی “دراوسێکان” خەڵاتی لیژنەی دادوەری بۆ باشترین فیلمی نێودەوڵەتی لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی مێتا لە دوبەی بەدەستهێناوە.
فیلمی “دراوسێکان” لە نووسین و دەرهێنانی،”مانۆ خەلیل”ە و سەرحەد خەلیل و جەلال ئەلتەویل و جیهاد عەبدۆ و مازن ئەلناتور رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕن، لە چوارچێوەی بەشداریکردنی لە فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکان چەندین خەڵاتی بەدەستهێنا، لەوانە خەڵاتی باشترین سیناریۆ لە دەریای سوور فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلم لە سعودیە.
رووداوەکانی فیلمەکە باس لە منداڵێکی شەش ساڵانەکەی کورد دەکات کە ناوی شێرۆیە، لە گوندێکی بچووکدا دەژی کە دەکەوێتە سەر هێڵی سنووری نێوان تورکیا و سوریا لە هەشتاکانی ئەم سەدەیە، باس لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و مرۆییەکان دەکات پێش رۆخانی رژێمی بەعس لە سوریا و ئەوەی لە پەنجا ساڵی رابوردوودا وڵاتی گەیاندە دۆخی ئێستای وێرانکاری مرۆیی وشارستانی ، بەپێی لێدوانی دروستکەرانی فیلمەکە.
سەبارەت بە دەرهێنەر، مانۆ خەلیل، کوردێکی لە دایکبووی رۆژئاوای کوردستانە، خاوەنی چەندین فیلمە، کە زۆربەیان خاوەنی کارەکتەری سیاسی و کۆمەڵایەتی نزیکن لە واقیعی ئەو وڵاتەوە.