پزیشكانی نێودەوڵەتی: توركیا چەكی كیمیایی لە هەرێمی کوردستان بەكارهێناوە

هەولێر – نۆرس پرێس

یەكێتی پزیشكانی نێودەوڵەتی دژی شەڕی ئەتۆمی، سەبارەت بەبەڵگەی بەكارهێنانی چەكی قەدەغەكراو لەلایەن دەوڵەتی توركیاوە دژی پەكەكە، لەمانگی ئەیلولی ئەمساڵا دێنە هەرێمی كوردستان، لە رۆژانی 20-27ی ئەو مانگە كۆمەڵێك دیدارو چاوپێكەوتن ئەنجامدەدەن و بەڵگەو زانیاریی كۆدەكەنەوەو دواتر لەڕاپۆرتێكدا بڵاویدەكەنەوە.

دكتۆر ژان ڤان ئاكین، ئەندامی یەکێتیەکە بۆ میدیا ناوخۆییەکان ئاشكرایكرد: بەگوێرەی دیمەنەكان و ئەو كەسانەی قسەیان لەگەڵداكردوون، دەتوانرێت بڵێیت كەئاماژەی بەهێز هەیە چەكی كیمیایی بەكارهێنراون و هەر لەبەرئەوەش پێویستە لیژنەیەكی سەربەخۆی نێونەتەوەیی لەناوچەكە لێكۆڵینەوە بكات.

هەروەها رایگەیاند، “ئێمە ویستمان بچینە گوندێكی ناوچەی كانی ماسی سەر بەقەزای ئامێدی لەدهۆك، بۆ ئەوەی چاومان بەزیانلێكەوتووانی هێرشەكە بكەوێت و  نموونەكان وەربگرن، بەڵام رێگەیان نەدا بچینە ناوچەكە، بۆیە لەسەر بنەمای ئەو دیمەن و بەڵگانەی كۆمانكردەوە لە رێگەی پەرلەمانتارانی كوردستان و بەغدا و رێكخراوە مەدەنییەكان لێكۆڵینەوەمان كرد”

هەفتەی رابردوو، ناوەندی پاراستنی گەل، ناسنامەی 17 گەریلای بڵاوكردەوەو دەڵێت بەچەكی كیمیایی توركیا گیانیان لەدەستداوە.

لەمانگی ئایاری 2021دا رۆژنامەی هاوڵاتیمۆرنینگ ستاری بەریتانی، راپۆرتێكی سەبارەت بەبەكارهێنانی چەكی كیمیایی لەلایەن توركیاوە بڵاوكردووەتەوە و لەگەڵیدا وێنەی چەند گەریلایەكی پەكەكەی داناوە، كە بەدەست رۆژنامەكە گەیشتووەو دەردەكەوێت گەریلاكان بەكاریگەریی چەكی كیمیایی گیانیان لەدەستداوە.

رۆژنامە بەریتانییەكە ئاماژەی بۆ ئەوەكردووە: ئەو دیمەنانەی لەوێنەكاندا دیارن، ناوچەی ئاڤاشینە لەسنوری پارێزگای دهۆك، گەریلاكان لە 3ی ئایاردا بەهێرشی كیمیایی توركیا گیانیان لەدەستداوە.

هەروەها پەرلەمانتارێكی عێراق رۆژی 23ی تەمموزی ئەمساڵا لەناو پەرلەمانی عێراق چەند وێنەو بەڵگەنامەیەكی بەكارهێنانی چەكی قەدەغەكراوی توركیای خستەڕوو كە لەهەرێمی كوردستان ئەنجامدراون.

ساڵێك لەمەوبەر خلوسی ئاكار وەزیری بەرگری توركیا لەپەرلەمانی وڵاتەكەی دانی بەوەدانا كە لەئۆپراسیۆنی سەربازیدا لەچیای گارە گازی فرمێسكڕێژو سووتاندنەوەی چاویان بەكارهێناوە.

بەڵام خلوسی ئاكار لە ۆژی 22ی ئەم مانگە رەتیكردەوە سوپای توركیا چەكی كیمیایی بەكارهێنابێت، زیاتر لەوەش وتی: “ئەوانەی ئەو دەنگۆیانە بڵاودەكەنەوە دەدرێنە دادگا”.

سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی پێشووی پارتی دیموكراتی گەلان – هەدەپە لەبارەی بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لەلایەن سوپای توركیاوە لەدژی پەكەكە رایگەیاند:  بەكارهێنانی چەكی كیمیایی دژی مرۆڤ، تاوانەو پێویستە لێكۆڵینەوەی لەسەر بكرێت.

لەبارەی هەواڵی كوژرانی 17 گەریلا لەهێرشی سوپای توركیا كە پەكەكە دەڵێت بەچەكی كیمیایی كوژراون، دەمیرتاش داوایكرد لیژنەیەكی نێودەوڵەتی سەردانی شوێنی رووداوەكە بكات و لێكۆڵینەوە بۆ ئاشكرابوونی راستییەكان بكرێت.

وتیشی: پێویستە پەرلەمان و ئۆپۆزسیۆنی توركیا كاردانەوەیان بەرامبەر بەو تاوانە هەبێت و ئەگەر بێدەنگ بن، بەواتای بەشداربوونی ئەوانیشە لەو تاوانەدا.