دیمەشق – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ چوارشەممە، بەرپرسێکی ئێرانی رایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان لەبارەی “رێککەوتنی ئەتۆمی” پێڕاگەیاندوون، کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە وەستێنراوە.
ئەمەش لە میانەی لێدوانێکی محەمەد ئیسلامی بەڕێوەبەری ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران بۆ ئاژانسە نێودەوڵەتییەکان هات.
لە 8ی ئابی ئەمساڵدا یەکێتی ئەوروپا دەقی کۆتایی رەشنووسی بڕیارنامەی زیندووکردنەوەی رێککەوتنی نیسانی 2015 کە بە رێککەوتنی ئەتۆمی ناسراوە، پێشکەش کرد.
ئەو بەروارە دانوستانەکانی نێوان ئێران و هەریەکە لە “چین، رووسیا، ئەمریکا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا”ی بەخۆوە بینی لە سویسرا، بۆ گەیشتن بە یەکلاییکردنەوەی هەمەلایەنەی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران و هەڵوەشاندنەوەی هەموو سزاکانی سەریان.
ئێوارەی دوێنێ “ئیسلامی” ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ “دامەزراندنی دامەزراوەی ئەتۆمی ناوخۆیی” راگەیاند.
ئەم لێدوانانەی ئێران نزیکەی دە رۆژ دوای ئەوە دێت کە نێد پرایس گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند کە وڵاتەکەی ئامادە نییە لەسەر مێزی دانوستان لەگەڵ ئێران سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی دابنیشێت.
بە ئاماژەدان بەوەی کە واشنتۆن دەیەوێت لێپرسینەوە لە تاران بکات لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز لە وڵاتەکەیدا.
جگە لەوەش، ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هۆشداری دا لە بەستنەوەی کێشە ناوخۆییەکانی ئەم دواییەی ئێران بە دانوستانەکانی ئەتۆمیەوە و وتی: لە زۆر بۆنەدا هەڵوێست و بۆچوونەکانی ئێران لەسەر ئەم دۆسیە دەربڕدراوە، ئێمەش بەو ئاراستەیەدا هەنگاو دەنێین بۆ دابینکردنی بەرژەوەندییەکانی هەموو لایەنەکان”.
لە نێوان مانگی نیسان و حوزەیرانی ساڵی 2021دا شەش خولی دانوستان ئەنجامدرا، بەدوایدا حەوتەمین خول هات، ئەویش دوای پشوویەکی پێنج مانگی لە نێوان ئەو لایەنانەی باس کران.
ئەمەش دوای ئەوە دێت کە تاران بۆ یەکەمجار ئامادەیی خۆی بۆ دانوستان لەگەڵ واشنتۆن سەبارەت بەم دۆسیەیە راگەیاند، دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە ساڵی 2018دا بە شێوەیەکی تاکلایەنە لەو دانوستانانە کشایەوە.