پیدەرسۆن: دوورین لە چارەسەرێکی سیاسی گشتگیر لە سوریا

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئێوارەی سێشەممە، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سوریا، نیگەرانی خۆی دەربڕی لە سەختی گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی هەمەلایەنە لە سوریا، لەگەڵ بەردەوامبوونی چەقبەستوویی سیاسی و بەردەوامبوونی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆلێرا لە سەرتاسەری وڵاتەکە.

وتارەكەی پیدەرسۆن لە میانی كۆبوونەوەیەكی تایبەتی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا هات سەبارەت بە دۆخی سوریا.

نێردەی تایبەت بۆ سوریا جەختی لەوە کردەوە کە چارەسەرێکی سیاسی تاکە رێگایە بۆ بەدیهێنانی ئاشتی بەردەوام لە سوریا، بەڵام ئاماژەی بەوەدا کە وڵاتەکە لە ئامانجەکە دوورە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ئاڵنگاریانەی لەسەر زەوین، وەک خۆی گوتی، پێشکەوتن بەرەو چارەسەرێکی هەمەلایەنە قورس دەکەن.

راشیگەیاند، پرۆسەی سیاسی لە سوریا بە ئامانجی گەیشتنە بە چارەسەرێكی سیاسی دانوستانکارانە بۆ جێبەجێكردنی بڕیاری ژمارە 2254ی ئەنجوومەنی ئاسایش، جەختیشی كردەوە لەسەر پێویستیی ئەم چارەسەرە لەسەر بنەمای “سەروەری و یەكڕیزی و سەربەخۆیی و یەكپارچەیی خاكی سووریا”.

هۆشداریدا لە بەردەوامی “چەقبەستنی ستراتیژی” لە میانی بەردەوامی ململانێكان لە سەرانسەری سوریادا، ئاماژەی بەوەدا كە رێكخراوی “داعش” هێشتا “مەترسییەكی راستەقینە” دروست دەكات.

پیدەرسۆن داوای کرد هەڵبژاردنی “ئازاد و دادپەروەرانە” لەژێر چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوەبچێت، بە بەشداری هەموو ئەو سوریانەی کە شایستەن، لەنێویاندا ئەوانەش کە دیاسپۆرانشینن.

نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەشکردووە، بەردەوامە لە لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەی لیژنەی دەستووری و لەنێویاندا پرسی شوێنی کۆبوونەوەکەی.

بەڵام تەنانەت بە گریمانەکردنی دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکان لە ژنێڤ، نیدرسۆن وتی کە “بەس نابێت بۆ گەڕاندنەوەی متمانەی کۆمسیۆنەکە لە چاوی زۆربەی سورییەکان و لایەنە پەیوەندیدارە نێودەوڵەتییەکان.”

پیدەرسۆن لە لێدوانێکدا لەسەر ئەو هێرشە ئاسمانییانەی کە دەگەڕێندرێنەوە بۆ ئیسرائیل بۆ سەر ئامانجەکان لە سوریا، بە تایبەت بۆ سەر فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکانی دیمەشق و حەڵەب، داوای لە هەموو لایەنەکان کرد کە هاوڵاتیانی سڤیل و ژێرخانی مەدەنی بپارێزن، هەروەها رێکەوتنەکانی ئاگربەست بپارێزن.

پیدەرسۆن تیشکی خستە سەر ئەو دۆخە دڵتەزێنەی کە ژنان لەو وڵاتەدا تووشی دەبن کە نزیکەی 12 ساڵە ململانێی بەردەوام بەخۆوە دەبینێت، وەک “هەژاری، بەدخۆراکی، دەستبەسەر کردن، بێسەروشوێن کردن، رفاندن، دەستدرێژی سێکسی، لاقەکردن، هاوسەرگیری بەزۆر و پێشوەختە، توندوتیژی بە هەموو جۆرەکانیەوە لە کاتی منداڵبوون، بێبەشکردنی لە خوێندن و رێگاکانی ژیان”.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبەیر