لە رێوشوێنێکی ئەمنی توندا چلەی ماتەمینی ژینا ئەمینی بەڕێوە دەچێت

هەولێر – نۆرس پرێس

خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكان دژی كوژرانی ژینا ئەمینی بە سەرکردایەتی خوێندكارانی زانكۆ بەردەوامە و بڕیارە ئەمڕۆ رێوڕەسمی چلەی كوژرانی ئەو كچە كوردە لە شاری سەقز بەڕێوەبچێت و هێزێكی زۆری سەربازیش لە شارەكە و بەشێكی زۆری شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران جێگیركراون.

دوێنێ لە زۆربەی زانكۆكانی ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان گردبوونەوە و ناڕەزایەتی بەردەوامن، لەوانە زۆرینەی زانكۆكانی تاران، زانكۆی پزیشكی هەمەدان، كۆلێژی پزیشكی زانكۆی مەشهەد، زانكۆی بابۆل و زانكۆی پیشەسازی كەرەج.

هاوكات لە شارەكانیش خۆپیشاندان و گردبوونەوەی جیاجیا ئەنجامدران بە تایبەتی لە تاران و سنە،  لە شیرازیش ژمارەیەك ژن بە بێ سەرپۆش ڕێپێوانیان كرد.

دوێنێ لە چوارچێوەی ئامادەكارییەكان بۆ یادی چلەی كوژرانی ژینا ئەمینی ژمارەیەك كەسایەتی و چالاكوان لە شارەكانی ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان روویان لە شاری سەقز كرد.

هێزە ئەمنییەكان دواجار هۆتێلەكەیان داخست و میوانەكانیان بۆ میوانخانەیەكی ژێر چاودێری ئیتڵاعات گواستەوە.

هاوشێوەی سەقز لە زۆربەی شارەكانی تری ڕۆژهەڵاتی كوردستان و بەشێك لە شارەكانی ئێرانیش هێزەكانی دەوڵەت لە ئامادەباشیدان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی خۆپیشاندان و گردبوونەوەكانی یادی چلەی كوژرانی ژینا ئەمینیی

هەر لە چوارچێوەی ئەو ئامادەكارییانەدا لە هەر دوو پارێزگای سنە و ئەردەبێڵ كە لە ماوەكانی ڕابردوودا زۆرترین خۆپیشاندانیان تێدا ئەنجامدراوە، بەڕێوەبەرایەتیەكانی پەروەردە بە پاساوی بڵاوبوونەوەی “ئەنفلۆنزا و نەخۆشیەكانی كۆئەندامی هەناسەدان” دەوامی خوێندنگەكانیان ڕاگرت.

لەلایەكی ترەوە شەوی رابردوو دەنگۆی ئەوە لە میدیاكانی دەوڵەتەوە بڵاوكرایەوە، كە بنەماڵەی ژینا ئەمینی رایانگەیاندووە، كە هیچ رێوڕەسمێكی چلە بەڕێوەنابەن، بەڵام كەسێكی نزیك لە بنەماڵەكە بە ئێران ئینتەرناشناڵی وتووە، ئەو دەنگۆیە هیچ بنەمایەكی نییە و بنەماڵەی ئەمینی لەو بارەوە هیچ لێدوان و راگەیەنراوێكیان نەبووە و بەنیازن ئەمڕۆ سەردانی گۆڕەكەی لە گۆڕستانی ئایچی سەقز بكەن.

لە ماوەی 40 رۆژی رابردوودا بە پێی نوێترین ئاماری ڕێكخراوی مافەكانی مرۆڤی ئێران لە خۆپیشاندانەكاندا 234 كەس لە 21 پارێزگا كوژراون و بە گوێرەی ئامارەكە لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان 93 كەس و لە چوار پارێزگاكەی رۆژهەڵاتی كوردستانیش 43 خۆپیشاندەر كوژراون.

رێكخراوەكە ئەوەشی خستووەتەڕوو، كە هێزەكانی دەوڵەت گوشارێكی زۆریان خستووەتە سەر بنەماڵەی كوژراوان و پزیشكی دادوەری كە بانگەشە و سیناریۆكانی دەوڵەت لە بارەی هۆكاری كوژرانی ئەو كەسانە پشتڕاست بكەنەوە.

لە ماوەی خۆپیشاندانەكاندا میدیاكان و بەرپرسانی دەوڵەتی ئێران هۆكاری كوژرانی بەشێكی زۆری خۆپیشاندەرانیان بۆ نەخۆشی، خۆكوشتن و چەند هۆكارێكی تر گەڕاندبووەوە و بانگەشەی ئەوەییان كردبوو، كە بەشێك لەو كەسانە لە خۆپیشاندانەكاندا نەكوژراون.

سەرباری هەڕەشە و گوشارەكانی هێزەكانی سەر بە دەسەڵاتی ئێران و داخستنی ئەو ڕێگە سەرەكیانەی كە دەچنە گۆڕستانی ئایچی سەقز، هاوڵاتیان بە پێ و لە ڕێگە لاوەكییەكانەوە خۆیان گەیاندووەتە سەر مەزاری ئەو كچە كوردە.

بە پێی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی بڵاوكراونەتەوە لە ئێستادا هاوڵاتییەكی زۆر لەسەر مەزاری ژینا كۆبوونەتەوە و دروشمەكانی “ژن، ژیان، ئازادی” و “دیكتاتۆر دەڕووخێنین و تۆڵەی ژیندا دەستێنین” دەڵێنەوە.