بەڕێوبەری خۆسەری سەرکۆنەی بێدەنگی نێودەوڵەتی دەکات

رەققە – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ سێشه‌ممه‌، بەڕێوبەری خۆسەری سەرکۆنەی كرده‌وه‌ی سەربازی توركیای کرد‌ بۆ سەر خه‌ڵكی هاوڵاتیانی سڤیلی رۆژئاوای کوردستان، هەروەک سەرکۆنەی ئەو بێده‌نگییه‌ نێوده‌وڵه‌تیەی لایەنە کاراکانی دۆسیەی سوریای کرد و به‌ “پشتیوانی” سیاسه‌ت و هێرشه‌كانی توركیا ناوی بردن.

ئێوارەی دوێنێ فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا ناوەندێکی بیناسازی لە گەڕەکی میسلۆن لە رۆژهەڵاتی قامیشلۆ،  کردە ئامانج و وەک دەرەنجامێکی سەرەتایی دوو کەس گیانیان لە دەستدا.

ئەمەش لە راگەێنراوێکی بەڕێوبەری خۆسەریدا هاتووە، کە تیایدا هاتووە، “بە ئامانجکردنی هاوڵاتیانی سڤیل لەلایەن تورکیاوە، بۆ دروستکردنی ئاژاوەیە لە ناوچەکەدا و دەرئەنجامی ترسناکی لێدەکەوێتەوە”، هۆکاری ئەمەش دەگێڕنەوە بۆ “نەبوونی رێگریی نێودەوڵەتی یان یاسایی”.

لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەشكراوە، بەئامانجكردنی سەركردەكانی توركیا و خەڵكی سڤیل و دامەزراوە خۆبەڕێوەبەرەكان لەلایەن توركیاوە “پێشێلكردنی ئاشكرای هەموو پێوەرە مۆڕاڵیەکان و رێککەوتن و پەیمانە نێودەوڵەتییەكانە”.

لە راگەێنراوەکەدا، بەڕێوبەری خۆسەر داوای لە ئەکتەرە کاراکانی دۆسیەی سوریا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە هەڵوێستی روون و بوێرانە بگرنەبەر، کە “دڵنیایی بدەن لە پاراستنی بەها و یاسا نێودەوڵەتییەکان و جیاوازی بکەن لە نێوان ئارگیومێنتەکانی تورکیا و شێوازی بەئامانجکردنی و شەڕی ناڕەوایان  دژ بە سوریەکان و دژی ناوچەکانمان”.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان