ئەمریکا: بەکارهێنانی خاکی سوریا لە لایەن گروپی تیرۆریستییەوە مایەی نیگەرانییە
دیمەشق – نۆرس پرێس
نێد پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەلێدوانێکی ڕۆژنامەنوسیدا سەبارەت بە رەوشی شاری عەفرینی رۆژئاوای کوردستان ڕایگەیاند بەکارهێنانی خاکی سووریا لەلایەن گرووپە تیرۆریست و پەڕگیرەکانەوە مایەی نیگەرانیی هەموو لایەکەو جەختیشی لەوەکردووە ئەوان لە نزیکەوە چاودێریی دۆخەکە دەکەن.
ئەوەش لە کاتێکدایە، دەستەی تەحریر ئەلشام، لقی پێشووی رێکخراوی قاعیدە، کە هەردووکیان لەلایەن ئەمریکاوە خراونەتە لیستی تیرۆرەوە، نزیکەی دوو هەفتە لەمەوبەر هێرشێکی بۆسەر عەفرین دەستپێکرد و لە دەستی فەیلەقی سێیەمی سوپای نیشتمانیی سووریای دەرهێنا، کە لە تورکیاوە نزیکە. گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گوتیشی، “بەکارهێنانی خاکی سووریا لەلایەن گرووپە تیرۆریست و پەڕگیرەکانەوە، مایەی نیگەرانیی هەموومانە.”
جەختیشیکردەوە کە ئەمریکا لەگەڵ هاوبەشەکانی لە ناوچەکەدا چاودێریی دۆخەکە دەکات و کۆمەڵێک ئامرازیان لە بەردەستدایە بۆئەوەی دژی گرووپەکان بەکاریبهێنن.