بەرگری بریتانیا: لەبەر ئەم هۆیە مۆسکۆ درۆنی ئێرانی بەکاردەهێنێت

هەولێر- نۆرس پرێس

لەگەڵ بەردەوامی تۆمەتەکانی رۆژئاوا بۆ بەردەوامی رووسیا لە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دروستکراوی ئێران بۆ بە ئامانجگرتنی شوێنەکان لە ئۆکرانیا، سەرەڕای رەتکردنەوەی ئەم تۆمەتانە لە لایەن هەریەک لە رووسیا و ئێرانەوە، بەریتانیا پێشنیاری کرد کە هۆکارەکە نەبوونی چەکی زیرەکی دوور مەودای مۆسکۆیە.

ئەمڕۆ دووشەممە وەزارەتی بەرگری بەریتانیا پشتڕاستی کردەوە کە هێزەکانی رووسیا بەردەوامن لە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دروستکراوی ئێران بۆ هێرشکردنە سەر ئامانجەکان لە سەرانسەری ئۆکرانیا.

هەروەها لە پۆستێکی تویتەردا ئاماژەی بەوەشکردووە، پێدەچێت مۆسکۆ ئەم فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی شەهید-136 بەکاربهێنێت بۆ بەزاندنی  بەرگری ئاسمانی ئۆکرانیا و وەک ئەڵتەرناتیڤێک بۆ چەکی زیرەکی دوور مەودای دروستکراوی رووسیا کە نزیک بە لەناوچوونە.

بەڵام ئەوان هەوڵەکانی ئۆکرانیایان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەم درۆنانە بە سەرکەوتوو ناوبرد.

هەفتەی رابردوو کیێڤ لە نامەیەکدا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان ئەوەی پشتڕاست کردەوە کە مۆسکۆ فڕۆکەکانی “موهاجیر” و “شەهید”ی کڕیوە کە لەلایەن کۆمپانیای “فڕۆکەوانی قودس” لە ئێران دروستکراون.

هەروەها لەو کاتەدا جەختی لەوە کردەوە کە ئەو کۆمپانیایە سزاکانی دەستبەسەرداگرتنی سەروەت و سامانیان بەپێی بڕیاری ژمارە 2231ی ئەنجومەنی ئاسایشی بەسەردا سەپێنراوە، ئاماژەی بەوەداش کە رووسیا بە مامەڵەکردن لەگەڵ کۆمپانیای قودس، ئەم گەمارۆ نێودەوڵەتییە پێشێل دەکات.

باس لەوەش کراوە کە لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا ئۆکرانیا چەندین جار هێرشەکانی رووسیای بۆ سەر شارەکانی بە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شەهید-136ی ئێرانی راگەیاندووە، بەڵآم تاران و مۆسکۆ رەتی دەکەنەوە.

ئەمڕۆش دووشه‌ممه،‌ وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی سووریا و ئێران “پڕوپاگەندەکانی رۆژئاوا”یان ره‌ت کرده‌وه‌ که‌ درۆنی ئێرانی له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هێزه‌کانی رووسیا له‌ شه‌ڕی ئۆکرانیا به‌کار هاتبێت.

ئاژانسی هەواڵی سانای حکوومەتی سوریا رایگەیاند، لە میانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی نێوانیاندا، فەیسەڵ میقداد و حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان باسیان لەو “پڕوپاگەندە چڕانە” کردووە کە لەلایەن وڵاتانی رۆژئاوا و ئیسرائیلەوە دژ بە ئێران و خستنەڕووی تۆمەتی “بێ بنەما” سەبارەت بە رووداوەکانی ئێستای ئۆکراین.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: بەهزاد