خۆپیشاندەرانی بریتانیا داوای گەڕانەوەی وڵاتەکەیان دەکەن بۆ یەکێتی ئەروروپا
دیمەشق – نۆرس پرێس
دوێنێ شەممە، هەزاران کەس لە ناوەندی شاری لەندەنی پایتەختی بەریتانیا خۆپیشاندانیان ئەنجامدا بۆ داوای گەڕانەوەی شانشینی بەریتانیا بۆ یەکێتی ئەوروپا، ئەمەش دوای شەش ساڵ لە دەرچوونی شانشینی بەریتانیا دێت، بە پشتبەستن بە ئەنجامێکی لاوازی ریفراندۆمێکی جەماوەری.
لەندەن رێپێوانێکی گەورەی بەخۆوە بینی، لە شەقامی بەناوبانگی “پارک لەین”ی پایتەختەوە بۆ گۆڕەپانی پەرلەمان، کە تێیدا خۆپیشاندەران لە هەموو شانشینی یەکگرتووەوە بەشدارییان کرد.
لە وێنەیەکی ئاسمانیدا کە میدیاکانی بەریتانیا پیشانی داوە، خۆپیشاندەران بە رەنگی شین داپۆشراون و ئاڵای یەکێتی ئەوروپایان هەڵداوە و لافیتەیان پێبووە کە داوای گەڕانەوەی بەریتانیایان بۆ ئەو یەکێتییە کردووە.
ئەم خۆپیشاندانە رۆژێک دوای دەستلەکارکێشانەوەی لیز تراسی سەرۆک وەزیران هات بەهۆی نەبوونی نەخشەسازی جێبەجێکردنی بەرنامەی حکومەت کە روبەڕووی ڕەخنەی زۆر بووەوە.
ریفراندۆم بۆ مانەوەی شانشینی یەکگرتوو لە یەکێتی ئەوروپا لە 23ی حوزەیرانی 2016 لە بەریتانیا و جەبەل تاریق “جبلاتار Gibraltar” بەڕێوەچوو.
بەڵام ئەو زۆرینەیەی کە لەو کاتەدا داوای دەرچوونی بەریتانیایان لە یەکێتی ئەوروپا دەکرد و لەلایەن پارتی پارێزگارانی دەسەڵاتدارەوە هاندرابوون، لە 52% زیاتر نەبوون، لە کاتێکدا 48% دەنگیان بە مانەوە داوە.
ئەندامێتی شانشینی یەکگرتوو لە یەکێتی ئەوروپا لە ساڵی 1973ەوە جێگەی مشتومڕ بووە، لە پەیوەندی کردنیەوە بە بازاڕی هاوبەشی ئەوروپاوە، وەک ئەو کاتە ناسرابوو.
دروشمەکانی خۆپیشاندەران سەرکۆنەی بڕیارەکەی بەریتانیایان کرد بۆ دەرچوون لە یەکێتی ئەوروپا و داوای بڕیاری گەڕانەوەیان کرد، لە کاتێکدا ئەو وڵاتە لە باکووری رۆژئاوای ئەوروپا بەدەست چەقبەستوویی و گرانی نرخەکانەوە دەناڵێنێت لە ناو ململانێ نێودەوڵەتییەکاندا، دیارترینیان شەڕی رووسیا و ئۆکرانیایە.