زانکۆی کۆبانی خولی ئەمساڵی خوێندنی دەرچواند

کۆبانی – نۆرس پرێس

دوێنێ پێنجشەممە، زانكۆی كۆبانی 30 خوێندکاری رەگەزی نێر و مێی خوێندكارانی بۆ ساڵی 2022 دەرچواند.

زانکۆکە لە سەنتەری باقی خەدۆ بۆ رۆشنبیری و هونەر مەراسیمی دەرچوونی بۆ خوێندکارانی سازکرد، کە بە ئامادەبوونی بنەماڵەی خوێندکاران و ئەندامانی دامودەزگاکانی بەڕێوبەری خۆسەر لە هەرێمی فورات و میوانانی زانکۆکانی “رۆژئاڤا” و “ئەلشەرق”.

شەرڤان موسلیم، هاوسەرۆکی زانکۆی کۆبانی بە نۆرس پرێسی راگەیاند، “ئەو خوێندکارانەی ئەمڕۆ دەرچوون لە کۆلێژەکانی ” ئاداب، بەشی زمانی کوردی و کۆلێژی زانست”ن.

موسلیم گوتی، “بەڕێوبەری خۆسەر هەلی کاری بۆ سەرجەم دەرچوانی خولی دووهەم، لە دەستەی پەروەردە لە دەڤەری فورات مسۆگەر کردووە، ئاماژەی بەوەشکردووە، بڕیاری دامەزراندنی دەرچووان پێش وەرگرتنی بڕوانامەی دەرچوونیان هاتووە”.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه‌ له‌ ماوه‌ی ساڵی رابردوودا 32 خوێندكار له‌ چوار به‌ش كه‌ بریتین له‌ ” ئه‌ده‌بی كوردی، فیزیا، كیمیا، و په‌یمانگای تاقیگه‌” ده‌رچوون، و هه‌لی كار بۆ سه‌رجه‌میان له‌ناو دامه‌زراوه‌كانی بەڕێوبەری خۆسەریدا، مسۆگه‌ر كراوه‌.

مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات، وتارێکی “تۆمارکراو”ی ڤیدیۆیی نارد کە لە کاتی ئاهەنگەکەدا پیشاندرا، تیایدا پیرۆزبایی لە دەرچووانی خوێندکارانی زانکۆکە کرد.

عەبدی وتی “دڵنیاین لەوەی دەرچووانی زانكۆ رۆڵیان دەبێت لە بنیاتنانی دامەزراوەكانی بەڕێوبەری خۆسەر و دامەزراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی”.

عەبدی ئاماژەی بەوەدا کە کار لەسەر دانپێدانان بە خوێندنیان لەلایەن حکومەتی سوریا لە دیمەشق و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانەوە دەکەن.

لە 30ی ئەیلولی 2017، زانکۆی کۆبانی تەنها دوو فاکەڵتی کردەوە، فاکەڵتی زانستە بنەڕەتییەکان (فیزیا، کیمیا، و بیرکاری) و فاکەڵتی ئاداب (بەشی زمان و وێژەی کوردی).

ئێستا ژمارەی خوێندکارانی زانکۆی کۆبانی نزیکەی 850 خوێندکارە، تۆمارکردنی خوێندکاری نوێش هێشتا بەردەوامە، لە کاتێکدا ژمارەی بەشەکانی زانکۆی کۆبانی ئەمساڵ گەیشتووەتە 15 بەش لەنێوان کۆلێژێک و پەیمانگایەکدا.

ئامادەکردنی: فەتاح عیسا –  داڕشتنەوەی: محەمەد ئەلقازی