(داعش) بەرپرسیارێتی تیرۆرکردنی سەرکردەیەکی (هەسەدە) لە ئەستۆ دەگرێت

دێرەزوور – نۆرس پرێس

دوێنێ پێنجشەممە، سەرکردەیەکی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە ئۆپەراسیۆنێکی تەقەکردندا کە لەلایەن چەند چەکدارێکی نەناسراوەوە لە شارۆچکەیەکی ڕۆژهەڵاتی دێرەزور لە ڕۆژهەڵاتی سوریا ئەنجامدرا، گیانی لەدەستدا و چەند کاتژمێرێک دواتر ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) بەرپرسیارێتی هێرشەکەی لە ئەستۆ گرت.

ئاژانسی ئەعماقی نزیكە لەو رێكخراوە، راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە، كە تیایدا ئاماژەی بەوەكردووە، چەكدارانی ئەو رێكخراوە، بە چەكی ئۆتۆماتیكی، سەركردەیەكی هێزەكانی سوریای دیموكراتیان كردۆتە ئامانج، لە شارۆچكەی ئەبو حەردوب، کە بووە هۆی بریندارکردن و  دواتر گیانلەدەسدانی.

سەرچاوەیەکی سەربازی لە “هەسەدە” لە شارۆچکەی ئەبو حەردوب کە ٨٠ کم لە ڕۆژهەڵاتی دێرەزوورەوە دوورە، ڕایگەیاند، چەند چەکدارێکی نەناسراو کە سواری ماتۆڕسکیل بوون، تەقەیان لە “بەسام ئەلسویلح” (٣٥ ساڵ) کردووە، کە سەرکردەیەکی هێزەکانی سوریای دیموکراتە ، ئەمەش بووە هۆی برینداربوونی، و بەهۆی برینەکانیەوە گیانی لەدەستدا.

سەرچاوەکە بە نۆرس پرێسی وت، چەکدارەکان دوای ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکە بەرەو بیابانی شارۆچکەکە هەڵاتوون و هێزەکانی سوریای دیموکرات دەستی بە گەڕان و بەدواداچوونی هێرشبەرەکان کردووە.

سەرەڕای ئەو ئۆپەراسیۆنە ئەمنییە چڕانەی کە هێزەکانی سوریای دیموکرات لە ناوچەکە دەستیپێکردووە، گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزور لەم دواییانەدا زیادبوونی حاڵەتەکانی تیرۆری بەخۆیەوە بینیوە کە ئەندامانی هەسەدە و کارمەندانی بەڕێوبەری خۆسەر و کەسایەتی خێڵ و کەسانی مەدەنی کردۆتە ئامانج.

هەردوێنێش دوو کەسی تر لەلایەن چەند چەکدارێکی نەناسراوەوە کە خاڵێکی سەربازیی هەسەدەیان کردە ئامانج لە شارۆچکەی ئەلشوهەیل لە ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور کە یەکێکیان منداڵ بوو.