فەرەنسا 40 منداڵ و 15 ژن لە کامپەکانی رۆژئاڤاوە گەڕاندەوە بۆ وڵاتەکەی

حەسەکە – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 20ی تشرینی یەکەمی 2022، وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد 55 هاووڵاتی لەنێو کەمپەکانی سووریا وەرگرتووەتەوە کە  40 منداڵ و 15 ژنن.

هەروەها وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا ئاشکراشی کردووە کە لە هەڵمەتێکی تایبەتدا، ئەو هاووڵاتییانەیان لە کامپەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا گەڕاندووەتەوە کە ئەو کامپانە لە ژێر کۆنتڕۆڵی ‌هێزی سووریای دیموکرات “هەسەدە” دان.

لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا، هاتووە “منداڵەکان رادەستی خزمەتگوزاریی پاراستنی منداڵان کراونەتەوە و چاودێریی تەندروستی دەکرێن، هەروەها ژنەکانیش رادەستی بەرپرسانی دادوەری کراون”.

لە مانگی ئەیلوولی رابردوو، دادگای باڵای ئەوروپی بۆ مافەکانی مرۆڤ، بڕیاری دا حکومەتی فەرەنسی پێداچوونەوە بە داواکاریی دوو ئافرەتی فەرەنسیدا بکات، کە داوایان کردبوو دەسەڵاتدارانی پاریس وەریانبگرێتەوە.

بەگوێرەی میدیای فەرەنسی، لە سەرەتای شەڕی داعشدا، ئەو دوو ئافرەتە فەرەنسییە لەگەڵ هاوژینەکانیان کە چەکداری داعش بوون، روویان لە سووریا کردووە و لەوێش چەند منداڵێکیان بووە.

لە 05ی تەممووزی 2022، وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا 51 هاووڵاتیی دیکەی خۆی لە کامپەکانی هۆل و رۆژ وەرگرتەوە، کە پێکهاتبوون لە 35 منداڵ و 16 ئافرەت.

 پێش وەرگرتنەوەی ئەو 55 هاووڵاتییە فەرەنسییە، بەگوێرەی ئامارەکانی حکومەتی فەرەنسا، نزیکەی 150 هاووڵاتیی فەرەنسی لەنێو کامپەکانی رۆژئاوای کوردستان هەبوون و چاوەڕێی گەڕاندنەوەیان بوون بۆ فەرەنسا.

پێش بڕیارەکەی دادگای باڵای ئەوروپا، فەرەنسا رەتیکردبووەوە بە کۆمەڵ هاووڵاتییانی لەنێو کەمپەکانی رۆژئاوای کوردستان وەربگرێتەوە و بڕیاری دابوو یەک یەک هەڵسەنگاندیان بۆ بکات و پاشان بڕیار لەسەر وەرگرتنەوەیان بدات.