جەنەڕاڵ مەزڵوم ئامادەیی دەبڕی بۆ گێڕانەوەی گیرخواردوانی جەزائیر

حەسەکە – نۆرس پرێس

ژەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات بانگەوازی بۆ ئەو کەسانە کرد کە لە جەزائیر گیریان خواردووە بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکەیان، ئامادەیی خۆشی دەربڕی بۆ دابینکردنی هەموو ئاسانکارییەکی پێویست بۆ “گەڕانەوەیەکی شکۆمەندانە و سەلامەت”.

ئەو سوریانەی لە جەزائیر گیریان خواردووە ترسیان لەوە هەیە کە ئەگەر بگەڕێنەوە، رادەست بە حکومەتی دیمەشق بکرێنەوە.

ژەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ نۆرس پرێس رایگەیاند، هەموو ئاسانکاری و هاوکارییەکی پێویست پێشکەش دەکەن بۆ دەستەبەرکردنی گەڕانەوەی ئەو سوریانەی کە لە جەزائیر گیریان خواردووە.

لە لێدوانەکەدا ئاماژەی بەوەشکردووە، کاردەکەن بۆ ئازادکردنی دەستگیرکراوەکان لە جەزائیر لەڕێگەی دیپلۆماسییەوە.

ژەنەڕاڵ مەزڵوم جەختی لەوە کردەوە کە “سەلامەتی و گەڕانەوەی ئاشتیانەی هاووڵاتییانمان مسۆگەرە”.

لەم مانگەدا 18 هاوڵاتی سوری لە نزیک کەناراوەکانی شاری وەهران لە جەزائیر گیانیان سپارد، دوای ئەوەی بە دەریادا گەشتیان کرد، بە هیوای گەیشتن بە ئەوروپا، ئامارەکەش ئاشکرای کرد کە هەموو ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە لە کۆبانی رۆژئاوای کوردستانەوە هاتوون.

سەرچاوەیەکی تایبەت لە بەڕێوبەری خۆسەری رۆژئاوای کوردستان بۆ نۆرس پرێسی ئاشکرا کرد کە رێکارە یاساییەکان بۆ گەڕاندنەوەی تەرمی ئەو هاوڵاتیانەی لە کەناراوەکانی جەزائیر خنکاون، نزیکە لە تەواوبوون.

ئەو ڕێوشوێنانەى بەڕێوبەری خۆسەر دوای داواکاری زۆری کەسوکارى قوربانییەکان دێت، بۆ گەڕاندنەوەى تەرمی قوربانییەکانیان.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، لیژنەیەکی تایبەت هەیە کە لەلایەن خۆسەرییەوە لە دیپلۆماتکاران و نوێنەرایەتییەکانی لە دەرەوەی وڵات پێکهێنراوە، کە دەتوانێت “بەم زووانە” تەرمی قوربانییەکان بگەڕێنێتەوە بۆ خێزانەکانیان.

بەپێی وتەی سەرچاوەکە، لیژنەکە بەدواداچوون بۆ دۆسیەی دەستگیرکراوەکان و ئەو کەسانە دەکات کە لە جەزائیر گیریان خواردووە بۆ ئازادکردنیان و ئاسانکاری بۆ گەڕانەوەیان بۆ وڵاتەکەیان “بە شکۆ و ئارامییەوە”.

رۆژی دووشەممەی رابردوو، محەمەد شاهین، لە بەڕێوبەری خۆسەری لە کۆبانی، لە لێدوانێکیدا بۆ نۆرس پرێس رایگەیاند کە خۆسەری هەوڵدەدات تەرمی قوربانییە خنکاوەکان لەسەر تێچووی خۆی بگەڕێنێتەوە، بەڵام ئاڵنگارییە یاساییەکان ڕێگری لە هەوڵەکانیان دەکات.

بەگوێرەی سەرچاوەکانی نۆرس پرێس، سەدان هاوڵاتی سووری و رۆژئاوای کوردستان لە جەزائیر گیریان خواردووە و دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ شارەکەیان، بەڵام چەند سەختییەک، دیارترینیان هاتنە ژوورەوەی نایاساییان، رێگری لە هەوڵەکانی گەڕانەوە دەکەن.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: عەگید مشمیش