کۆچبەرانی عێراق کۆی گشتی خانەوادە گەڕاوەکان لە کامپی هۆڵەوە بۆ نۆرس پرێس ئاشکرا دەکات
هەولێر – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، کۆی گشتی ئەو خانەوادە عێراقییە گەڕاوەکانی لە کامپی هۆلەوە بۆ نۆرس پرێس ئاشکرا کرد، دوای ئەوەی دوێنێ سێشەممە دوا کۆمەڵەیان گەڕێنرانەوە.
عەلی عەباس جەهانگیر، وتەبێژی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ نۆرس پرێس رایگەیاند، کۆمەڵێکی نوێی خانەوادە عێراقییەكان لە كامپی هۆلەوە هاتوونەتە ئەو وڵاتە.
جەهانگیر ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم کۆمەڵەیە 158 خێزان لەخۆدەگرێت کە 659 کەسن، سەرجەمیان کەوتوونەتە ژێر رێکارەکانی پشکنینەوە و دوای پشکنینی ئەمنی گەڕێنراونەتەوە ناوچەکانی خۆیان.
هەر عێراقییەک کە لە هۆلەوە دەگەڕێتەوە بە قۆناغێکی “پشکنینی ئەمنی”دا تێدەپەڕێت، هەروەک عێراق لیژنەیەکی ئەمنی پێکهێناوە کە یەک بە یەک لەگەڵ خێزانەکانی ناو کامپەکان کۆدەبێتەوە، دواتر دەگوازرێنەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان.
جەهانگیر رایگەیاند، کۆی گشتی ئەو خێزانە عێراقیانەی لە هۆلەوە دەگەڕێنەوە لە سەرەتای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕانەوە گەیشتووەتە 925 کەس.
بەپێی ئامارەکانی کۆچبەری عێراق، دوایین دەرئەنجامی گەڕاوەکان پێش هاتنی ئەم کۆمەڵە، 790 خێزان بووە، واتە بڕیارە کۆی گشتی خێزانە گەڕاوەکان 948 خێزان بن نەک 925 خێزان.
گوتەبێژی وەزارەتەکە روونیشیکردەوە، کۆی ژمارەی کەسەکان گۆڕانکاری بەسەردا نایەت، بەڵام ئەگەری ئەوە هەیە ژمارەی خێزانەکان کەم ببێتەوە، بەو پێیەی بەشێکیان تاکن و خانەوادە نین، بۆیە لەگەڵ خێزانەکانیان تێکەڵ دەبن، بەمەش ژمارەی خێزانەکان کەم دەبێتەوە.
کامپەکە دەکەوێتە رۆژهەڵاتی شاری حەسەکەوە، نزیکەی 50 هەزار کەس لە نەتەوە جیاوازەکان لەخۆدەگرێت کە نزیکەی 30 هەزار کەسیان عێراقین.