هیومان رایتس وۆچ: لە هێرشەکانی ئێراندا بۆ سەر هەرێمی کوردستان خەڵکانی سڤیل کراون بە ئامانج

هەولێر – نۆرس پرێس

رێکخراوی نێودەوڵەتیی مافی مرۆڤ (هیومان رایتس وۆچ) رایگەیاند: بەشێک لە هێرشەکانی سوپای پاسداران بۆ سەر بارەگای لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی کە لە کۆتایی مانگی ئەیلولدا ئەنجامدران، ئەو شارۆچکە و گوندەکانەیان کردوە بە ئامانج کە هیچ چالاکیەکی سەربازییان تێدا نییە.

راپۆرتەكەی رێكخراوەكە كە ئەمڕۆ بڵاوكرایەوە، لە زاری دانیشتوانی ناوچەكە، راپۆرتە میدیاییەكان و هەروەها لایەنە سیاسییەكانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانەوە، رایانگەیاند کە هێرشەكانی ئێران لانیکەم 16 كەس كوژراون و دەیان كەسیش برینداربوون و سەدان خێزانیش ئاوارەبوون.

سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیارێتی هێرشەکانی بۆ سەر نووسینگەکانی پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان گرتبووە ئەستۆ، ئامانجەکانیشیان بە “بنکەی تیرۆریستی” ناوزەد کردبوو، کە ڕێژیمی ئێران بۆ سەر نەیارەکانی بەکاری دەهێنێت.

بەڵام دانیشتوان و شایەتحاڵەکان بۆ رێکخراوی مافی مرۆڤ پشتڕاستیان کردەوە کە بەشێک لە هێرشەکان ئەو شارۆچکە و گوندانەیان کردۆتە ئامانج کە لایەنە سیاسیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان هیچ چالاکیەکی سەربازی تێدا ناکەن.

لە راپۆرتەکەدا، ئادەم کوغل، جێگری بەڕێوەبەری بەشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی رێکخراوەکە رایگەیاندووە، هێرشەکانی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر ناوچە نیشتەجێبوونەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق “بەشێکە لە مێژوویەکی دوور و درێژی هێرشی کوشندە بۆ سەر خەڵکی سڤیل، لەنێویاندا لە کاتی جەنگدا لە سوریا”.

کوغل داوای لەو وڵاتانە کرد کە لە چەند رۆژی رابردوودا هەوڵ دەدەن ئێران لە “هەڵمەتی دڕندانە”ی خۆی بە بەرپرسیار بزانن، هەروەها دڵنیابن لەوەی ئەو کەسانەی بەرپرسیارن لە کوشتنی بێ جیاوازی خەڵکی سڤیل لە دەرەوە، لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.

هێرشەکانی ئێران بۆ سەر گروپە ئۆپۆزسیۆنەکان لە هەرێمی کوردستان هاوکات بوو لەگەڵ خۆپیشاندانی بەربڵاوی ئێران کە مانگی رابردوو دوای کوژرانی ژینا ئەمینی لە زیندانێکی”پۆلیسی ئەخلاقی” ئێراندا دەستیپێکرد دوای ئەوەی لە تارانی پایتەخت دەستگیرکرا.

بەپێی راپۆرتەکانی مافی مرۆڤ، دەسەڵاتدارانی ئێران زۆر بە توندی وەڵامی ئەو خۆپیشاندانانەیان داوەتەوە کە زیاتر لە مانگێکە بەردەوامە و سەدان خۆپیشاندەر کوژراون و برینداربوون.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی : هۆزان زوبەیر