43 ڕێکخراوی مافی مرۆڤ داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەن لێکۆڵینەوە لە سەرکوتکارییەکانی ئێران بکات
هەولێر – نۆرس پرێس
43 رێکخراوی مافەکانی مرۆڤ لە جیهان رەخنەی تووند لە دەسەڵاتی ئێران دەگرن لەسەر ئەو “هەڵمەتە خوێناوییەی” کە دژ بە خۆپێشاندەران دەستی پێکردووە و داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەن لێکۆڵینەوە لەسەرکوتکارییەکانی رژێمی ئێران بکات لە هەمبەر خۆپیشاندەرانی سڤیل.
ئەمڕۆ سێشەممە، رێکخراوی هیومەن رایتس ۆچ، رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی و چەندین رێکخراوی کۆمەڵگەی سیڤیل و بەرگریکارانی مافەکانی مرۆڤی جیهانی “نیگەرانی قووڵ”ی خۆیان دژی ئێران دەربڕی کە هەڵمەتێكی “بێ بەزەییانە”ی دژ بە خۆپێشاندەران بەرپاکردووە.
لە دوای شەهیدکردنی ژینا ئەمینی؛ خۆپێشاندانەکان لە 16ی ئەیلوولی ئەمساڵەوە لە سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان سەریانهەڵدا و پاشان سەرانسەری ئێران و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان گرتەوە، هێزە ئەمنییەکان لە سوپا، بەسیج، پۆلیس و دەزگای هەواڵگری بە تووندی وەڵامی خۆپێشاندەرانیان دایەوە و بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەکان تائێستا لانیکەم 240 کەس کوژراون و سەدان بریندارن و هەزاران کەسیش دەستگیرکراون.
لە راگەیێندراوێكی هاوبەشیاندا، رێکخراوەکان ئاشکرایانکرد، بەڵگە کۆکراوەکان ئەو راستییە دەردەخەن کە هێزە ئەمنییەکانی ئێران “شێوازێکی تۆقێنەریان” دژ بە خۆپێشاندەران بەکارهێناوە ئەوەش لەڕێگەی بەکارهێنانی گوللەی راستەقینە، هەروەها ئەو هێزانە بەبێ ئەوەی گرنگی بە هیچ پرەنسیپ و بەهایەک بدەن ئەنقەست تەقەیان لە خۆپێشاندەران لە نێویاندا منداڵ کردووە، راشیانگەیاند لەسەر دەستی هێزە ئەمنییەکانی ئێران سەرووی 23 منداڵ کوژراون.
هاوکات ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان داوای کرد “پەلە بکرێت لە ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی تایبەت و ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ و دانانی میکانیزمی لێپێچینەوە لە بەرپرسانی ئەو تاوانانە”.
بەگوێرەی یاسای نێودەوڵەتی، دەبێت ئەو میکانیزمە ئامرازێک بێت بۆ وەستان لە دژ گەورەترین تاوانەکان و هەموو پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ کە هێزە ئەمنییەکانی ئێران ئەنجامیانداوە نەک تەنیا لەم خۆپێشاندانانە، بەڵکو لە چەند خۆپێشاندانەکانی چەند ساڵی رابردوو.
ئەو رێکخراوانە جەختیان لە گرنگی بە دۆکیۆمێنتکردنی بەڵگەکان و گەڕان بە دوای تاوانباران کردەوە و رایانگەیاند: “پێویستە لەو بارەیەوە کاری بەکۆمەڵ بکرێت، چونکە بە پێچەوانەوە ژمارەیەکی زۆری پیاو، ژن و منداڵ مەترسی کوشتن، شێواندنی جەستە و رووخسار، ئەشکەنجەدان و دەستدرێژی سێکسیان لەسەرە و ئەگەریش هەیە ئەو بەڵگانەی کە تاوانی هێزە ئەمنییەکانی ئێران دەسەلمێنن، لەناو ببرێن.”