سەرۆكی لوبنان رەزامەندی لەسەر دیاریكردنی سنووری دەریایی لەگەڵ ئیسرائیل راگەیاند
قامیشلۆ – نۆرس پرێس
دوێنێ پێنجشەممە، میشێل عەون سەرۆكی لوبنان رەزامەندی وڵاتەکەی بۆ رێككەوتنی دیاریكردنی سنووری دەریایی لەگەڵ ئیسرائیل راگەیاند، ئەمەش بەپێی ئەو شێوازەی کە ئەمریكا پێشنیاری كردووە.
سێشەممەی رابردوو بەرپرسانی ئیسرائیل و لوبنان رایانگەیاند کە نزیکن لە رێککەوتنێک بە نێوەندگیری ئەمریکا لەسەر سنوورە دەریاییەکانی نێوان هەردوو وڵات ئەنجام بدرێت.
عەون لە وتارێکدا کە تێیدا قسەی بۆ لوبنانییەکان کرد، دانوستانەکانی دیاریکردنی سنووری باشووری وڵاتەکەی کە ماوەی دە ساڵ بەردەوام بوو، بە “سەخت و قورس” وەسف کرد.
عەون باسی لەوەشكرد، دوای راوێژكردن و دوای ئەوەی لەلایەن جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكاوە ئاگاداركرایەوە لەپەسەندكردنی رێككەوتنەكە لەلایەن ئیسرائیلەوە، رەزامەندی لوبنانی راگەیاند لەسەر پەسەندكردنی فۆرمولەی كۆتایی كە لەلایەن ناوبژیوانی ئەمەریكیەوە ئامادەكراوە.
هیواشی خواست ئەم رێککەوتنە ببێتە سەرەتا و بەردی بناغەی بەرەوپێشچوونی ئابووری لوبنان.
عەون پێی وابوو ئەو رێککەوتنە ناڕاستەوخۆیە، وەڵامی داواکارییەکانی لوبنان دەداتەوە و مافی تەواوی لوبنان دەپارێزێت.