برینداربوونی کەسانی ئەمنی و سڤیل لە هێرشێکی مووشەکیدا لە ناوەڕاستی بەغدا

هەولێر- نۆرس پرێس

ئەمڕۆ پێنجشەممە، شانەی راگەیاندنی ئاسایشی عێراق رایگەیاند، ناوچەی سەوز و دەوروبەری لە بەغدای پایتەخت رووبەڕووی هێرشێکی مووشەکی بوونەتەوە، لە ئەنجامدا ژمارەیەک لە ئەندامانی دەزگا ئەمنییەکان و هاوڵاتیانی سڤیل برینداربوون.

شانەكە لە بەیاننامەیەكی كورتدا ئاماژەی بەوەكردووە، هێرشەكە بە 9 موشەكی كاتیۆشا ئەنجامدراوە، بەبێ ئەوەی وردەكاریی زیاتر بخرێتەڕوو.

ئه‌م هێرشه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ په‌رله‌مان ئاماده‌كاری ده‌كات بۆ ئه‌نجامدانی دانیشتنێك بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی كۆمار و كاندیدكردنی ناوێك بۆ سه‌ركردایه‌تی حكومه‌تی داهاتوو.

کەناڵە ناوخۆییەکان رایانگەیاند، لەناو ناوچەی سەوزدا دەنگی ئاگادارکەرەوە چالاک کراون، کە ناوچەیەکی دیپلۆماسییە و چەندین دامەزراوەی حکومی لەخۆدەگرێت، لەنێویاندا پەرلەمان و نوێنەرایەتییە بیانییەکان.

هەروەها باڵوێزخانەی ئەمریکا لە بەغدا زەنگی ئاگادارکردنەوەی لێدا.

بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی دەست نۆرس پرێس کەوتوون، بەشێک موشەکەکان بەر ناوچەی عەلاوی کەوتوون لە نزیک ناوچەی سەوز لە بەغدا.