بە بۆردومنی درۆنێکی تورکیا لە دێریک ئەندامێکی ئاسایشی رۆژئاڤا شەهید بوو
دێریک – نۆرس پرێس
دوێنێ چوارشەممە، فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ رایگەیاند، ئەندامێکیان بەهۆی بەئامانجکردنی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیاوە لە گوندەواری دێریک لە رۆژئاوای کوردستان، گیانی لەدەستداوە.
فەرماندەیی ئاسایشی ناوخۆ – سوتورو (گرووپێک لە سریانییەکان لەناو هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ) لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، ئەو ئەندامە ناوی ئیبراهیم بەسام میخائیلە، بەهۆی بەئامانجگرتنی تورکییەوە گیانی لەدەستداوە، بەبێ ئەوەی هیچ وردەکارییەکی زیاتر بخەنەڕوو.
ئاماژەشیان بەوەکردووە، پەرەسەندنی سەربازی تورکیا بۆ لێدان لە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە ” ئەنجامی بێدەنگی نێودەوڵەتییە سەبارەت بەم کردەوانە، لەلایەن دەسەڵاتە گەرەنتیکەرەکانی رێککەوتنەکانی ئاگربەستەوە.”