لە شارۆچکەی خانەقین خۆپیشاندان و ناڕەزای بەڕێوەچوو

هەولێر – نۆرس پرێس

دوێنێ ئێوارەی سێشەممە، لە شارۆچکەی خانەقین، 90کم باکووری پارێزگای دایالە، کە ناوچەیەکی کوردستانی دەرەوەی هەرێمی کوردستانە، گردبوونەوەیەکی ناڕەزای دژی بڕیارێکی هێزەکانی ئۆپەراسێونی دیالە، بۆ دەرکردنی هێزە ئەمنیە کوردییەکانی سەر بەوەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.

سەلام عەبدوڵا یەکێک لە بەڕێوبەرانی کۆبونەوەکە یاداشتێکی ئاڕاستەی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراقی کرد و تیایدا هاتووە: “بڕیاری دەرکردنی هیزەکانی سەر بە حکومەتی هەرێم لە شارۆچکەکە تۆوی دووبەرەکی و فیتنە دەچێنێت و زیان بەهەمووان دەگەیەنێت.”

ئەمە لە کاتێکدایە  لە 26ی ئەیلولی 2022 فەرمانیک لەلایەن سوپاسالاری عێراق عەبدولئەمیر کامل عەبدوڵاوە، دەرکراوە کە تیادا بە ناوی  فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانەوە ئاماژە بەداخستنی بارەگای هێزە کوردییەکانی سەر بە حکومەتی هەرێم لە شارۆچکەی خانەقین دەکات.