بەهۆی شەڕ و پێکدادانەوە لە سەرێ کانی سێ هاوڵاتی سڤیل بریندار دەبن

قامیشلۆ – نۆرس پرێس

دوێنێ ئێوارەی سێشەممە، شەڕ و پێکدادانی توند لەنێوان چەکدارەکانی “شورتەی عەسکەری” دڵسۆزی تورکیا و ئەندامانی هۆزی ئەلعەگیدات، لە شاری “سەرێکانێ”ی داگیرکراو روویدا و بەهۆیەوە هاوڵاتیانی سڤیل برینداربوون.

سەرچاوە ناوخۆییەکان بە نۆرس پرێسیان راگەیاندووە، پێکدادان بە چەکی سووک و مامناوەند لە نێوان چەکدارانی هۆزی ئەلعەگیدات کە خەڵکی دێرەزوورن و “شورتەی عەسکەری” روویداوە، ئەویش لە پاشخانی دەستگیرکردنی ژنێک لەلایەن ئەم دووەمیانەوە کە سەر بە هۆزی ئەلعەگیداتە بە تۆمەتی کارکردن لە رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی “داعش”.

بە وتەی سەرچاوەکە، شەڕ و پێکدادانەکە زیاتر لە یەک کاتژمێری خایاندوە، لە ئەنجامدا لانیکەم سێ کەسی سڤیل برینداربوون کە ژنێکیشیان تێدایە.

دوو رۆژ لەمەوبەر، ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانی دڵسۆزی تورکیا پێکدادان و کۆنترۆڵکردنی بارەگای لایەنەکانی دیکە، بەخۆوە دەبینن، ئەویش لە پاشخانی تێوەگلانیان لە کوشتنی چالاکوانێکی میدیایی و هاوسەرەکەی لە گوندەواری رۆژهەڵاتی شاری حەڵەب .

ئامادەکردنی: دڵسۆز یوسف – داڕشتنەوەی: رەهەف یوسف