شەڕ و پێکدادان لە نێوان لایەنەکانی دڵسۆزی تورکیادا بەردەوامە

باب – نۆرس پرێس

ئەو ناوچانەی لەژێر کۆنترۆڵی گروپەکانی ئۆپۆزسیۆنی تورکیادا بوون، دوای نیوەشەو تا کاتژمێرەکانی سەرلەبەیانی چوارشەممە، پەرەسەندنی رووداوەکانی بەخۆوە بینی کە بوونە هۆی کۆنترۆڵکردنی بارەگای سەربازیی “فیرقەی ئەلحەمزە” لە گوندەواری حەڵەب.

سەرچاوەیەکی تایبەت بە نۆرس پرێسی راگەیاندووە، گروپەکانی ئۆپۆزسیۆن دوای سەپاندنی کۆنترۆڵی خۆیان بەسەر شاری “باب”دا لە رۆژهەڵاتی حەڵەب، دەستیان بە ئۆپەراسیۆنی نوێی کردووەتەوە، بۆ سەر بارەگای فرقەی حەمزە لە گوندەواری رۆژهەڵاتی حەڵەب کە ناوچەی “تل بەتاڵ”ی گرتەوە لە باکووری باب و ناوچەی ئەلغەندورە لە لگوندەواری جەرابلوس لە رۆژهەڵاتی حەڵەب.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکرد، پێکدادانی توندوتیژ لە نێوان گروپەکانی ئۆپۆزسیۆن لە لایەکەوە، کە بەرەی شام و ئەحرار شەرقیە نوێنەرایەتیان دەکرد و فیرقەی حەمزە و سوڵتان سلێمان شا “ئەلعەمەشات” لە لایەکی دیکەوە، لە ناوچەی تل بەتاڵ روویانداوە لە گوندەواری باب، رۆژهەڵاتی حەڵەب.

لە كاتێكدا لایەنەکانی بەرەی شام و ئەحرار شەرقیە پێشڕەوییەكی هەیئەت تەحریر شامیان لە دەوروبەری ناحیەی جندیرێس بەرپەرچدایەوە، دوای ئەوەی بۆ ماوەی چەند كاتژمێرێك لە نزیك كامپی ئەلمەحمودیە و دێربەلوت شەڕ و پێكدادان روویدا بە وتەی سەرچاوەکە ترس لە نێو دانیشتوانی کامپەکەدا بڵاوبوویەوە.

دوێنێ سێشەممە، دوای نیوەشەو پێکدادانی توندوتیژ لە نێوان ئەندامانی فیرقەی ئەلحەمزە و گروپەکانی ئۆپۆزسیۆن لە دەوروبەری شاری باب سەریهەڵدا، ئەمەش لە هەوڵێکدا لەلایەن فیرقەکەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی بارەگاکانی.

جگە لەوەش بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی شارەکە بەهۆی بەردەوامی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان هەردوو لایەن، خوێندنگەکانی راگرتووە، بە وتەی سەرچاوەکە.

ئاماژەی بەوەشکرد، کە پێکدادانی توندوتیژ لە نێوان لایەنەکانی سوڵتان سلێمان شا “ئەلعەمەشات” و بەرەی شام لە میحوەری ناحیەی مەعبەتلی (ماباتا) و شێخ حەدید لە گوندەواری عەفرین لە باکووری حەڵەب، هەروەک ڕێگاوبانەکانی ناوچەکە گیران بەهۆی پەرەسەندنی پێکدادانەکانی نێوان ئەو لایەنانەوە.

دوێنێ سێشەممە، گروپەکانی فەیلەقی سێ و جەبهەی شامییەی سەر بە  “جەیش وەتەنی” کە لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتی دەکرێن، هێرشیان کردە سەر بارەگاکانی فیرقەی حەمزە لە شارەکانی باب و بزاعە لە رۆژهەڵاتی حەڵەب و بە تەواوی بارەگاکانیانیان کۆنترۆڵ کرد، دوای ئەوەی ئەندامانی حەمزەیان لی وەدەرنا، دواتریش سەلمێندرا کە ئەمەی دووەمیان چەند رۆژێک لەمەوبەرتێوەگلاوە لە تیرۆرکردنی چالاکوانێکی میدیایدا لە شاری باب.

ئامادەکردنی: فاروق حەمۆ – داڕشتنەوەی : فەنسا تەمۆ