ئۆباما و هاوژینەکەی پشتیوانی خۆیان بۆ خۆپیشاندەرانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەربڕی

هەولێر – نۆرس پرێس

بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی کچانەوە هەریەکە لە باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشوتری ئەمریکا و میشیل ئۆبامای هاوژینی پشتیوانی خۆیان بۆ خۆپیشاندەرانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان راگەیاند.

میشێل و باراک ئۆباما بە بۆنەی 11ی ئۆکتۆبەر، رۆژی جیهانیی کچەوە، لە راگەێنراوێکی هاوبەشدا وتیان، بە ئازایەتی کچانی ناڕازی لە ئێران دڵخۆشبوون و ئەوەی لە ناڕەزایەتییەکانیاندا داوای دەکەن، مافی گشتگیری ئەوانە.

ئەوان هاوسۆزی و پشتیوانی خۆیان بۆ ژنان و کچانی ئێران رادەگەیەنن دەڵێن ئیلهامبەخش بوون بۆ جیهان، مافی بڕیاردان لەسەر جلوبەرگ و روخساریان و هەر رێگەیەک کە هەڵیبژێرن بۆ دەربڕینی ناسنامەی خۆیان، بەبێ ئەوەی هەڕەشە و ترسان لێبکرێت و بە توندوتیژی مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت.

ئۆباما و هاوژینەکەی ئاشکرای دەکەن: ئێمە سەرسامین بە دەسەڵاتی پێشەنگایەتی ژنانی ئێران و خۆڕاگرییان بۆ دروستکردنی ئایندەیەک کە جیاواز بێت لە رابردوو و ژنانی ئێران لە هەموو مافەکانی خۆیان و ئەو دەرفەتانەی کە شایەنیانە بەهرەمەند بن.

 ئەوەشیان وتووە”هەوڵەکانتان پەیامێکی گرنگی هەیە و ئەویش ئەوەیە کە نادادپەروەری تەحەمول نەکرێت، گومان لەوەدا نییە کە رۆژانی سەخت لە پێشە و هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ​​هاوسۆزی خۆمان بۆ ئەو بنەماڵانە دەردەبڕین کە ئازیزانیان لە ئێران لە دەست داوە.”

 وتوشیانە “ئێمە پێمان وایە دواجار ئایندە هی ژنان و کچانی گەنجی ئێرانە کە بێدەنگ نەبوون. ئێوە بیرتان خستینەوە کە دەسەڵاتی ڕاستەقینە لە دانیشتن لەسەر رابردوو نییە، بەڵکو لە هەوڵداندایە بۆ بنیاتنانی سبەینێیەکی باشتر”.