حکومەتی هەرێم رێنمایی رێکارەکانی سەربڕینی ئاژەڵ لە جەژنی قورباندا دەردەکات
هەولێر – نۆرس پرێس
دوێنێ، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاویەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوە و سەرهەڵدانی نەخۆشی تای خوێنبەربوون کە لە ئێستادا هەیە، لە پێگەی فەرمی حکومەتی هەرێم رێنوماییەکی 10 خاڵی لە سەر رێوشوێنەکانی کوشتار و سەربڕینی ئاژەڵ لە جەژنی قورباندا بڵاوکردەوە.
دوو سبەی ٩/٧ رێکەوتی جەژنی قوربانە لە هەرێمی کوردستان، وەک نەریتێکی ئاینی لەم جەژنەدا موسوڵمانان هەڵدەستن بە قوربانی کردن، بەڵام ئەم جەژنەیان لە کاتێکدایە کە نەخۆشی تای خوێنبەربوون لەئارادایە، ئەویش نەخۆشیەکە کە لە رێگەی ئاژاڵانەوە دەگوزرێتەوە.
لە رێنوماییەکەدا هاتووە، ” هەرێمی کوردستان-عێراق، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوە و سەرهەڵدانی نەخۆشی تای خوێنبەربوون کە لە ئێستادا هەیە ، وە بەڕێوەچوونی مەراسیمی قوربانیکردن بە شێوازێکی تەندروست و لە پێناو بەرژەوەندی گشتی و پاراستنی ژیانی هاووڵاتیان وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو چەند ڕێکارێک بڵاو دهكاتهوه بە مەبەستی پەیڕەوکردنیان لەلایەن هاووڵاتیان و هەماهەنگی لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ جێبەجێکردنیان”
رێنوماییەکە پێک دێت لەم 10 خاڵەی خوارەوە کە پێویستە هاوڵاتیان رەچاوی بکەن لە کاتی کوشتاردا:
١- لە ڕۆژانی جەژنی قوربان کوشتارگەکان کراوەبن و پزیشکی ڤێتێرنەری لە کوشتارگە هەڵدەستێت بەو ئەرکەی بەپێی یاسا و ڕێنماییەکانی بۆی دیاریکراوە.
٢- ناوی ئەو کوشتارگانەی کە لە ڕۆژانی جەژن کراوەن لە میدیاکان و یەکە کارگێڕییەکان ڕابگەیەندرێت بۆ ئەوەی هاووڵاتیان ئاژەڵەکانیان لەم کوشتارگانە سەرببڕن .
٣-پێویسته ئاژەڵەکان لە سەربڕخانەی فەرمی سەرببڕدرێن بۆ ئەوەی لە لایەن پزیشکی ڤێتێرنەری تایبەتمەند پشکنینی پێش سەربڕین و دوای سەربڕینیان بۆ ئەنجام بدرێت ،بۆ ئەم مەبەستە سەربڕینی ئاژەڵ لە دەرەوەی سەربڕخانەکان ڕێگە پێدراو نیە.
٤-پێویستە ئاژەڵەکە ساغ بێت و هیچ نیشانەیەکی نەخۆشی نەبێت و گەنە (قڕنە) و مشەخۆری دەرەکی لەسەر نەبێت .
٥-بەکارنەهێنانی هەر جۆرە دەرمانێک بۆ ئاژەڵەکان ،هەر ئاژەڵێک دەرمانی چارەسەرکردنی نەخۆشی پێدرابێت نابێت ڕاستەوخۆ سەر ببڕدرێت و پێویستە ماوەی سەربڕین دوای چارەسەرکردن بەدەرمان،بەپێی ڕێنمایی پزیشکی ڤێتێرنەری تایبەتمەندی خودی دەرمانەکە بێت .
٦-پێویستە ئەو کەسەی قوربانی ئەنجام دەدات گشت ڕێکارەکانی خۆپارێزی بەکاربهێنێت بە تایبەتی بەکارهێنانی دەستکێش .
٧-ڕێنمایی هاووڵاتیان بکرێت کە ٢٤کاتژمێر گۆشت لە ساردکەرەوەکان هەڵبگیرێت دواتر بەکار بهێندرێت .
٨-فڕێنەدانی پاشماوەی سەربڕین و ئاژەڵ لە شەقام و کۆڵان و بازاڕ .
٩-ڕێنمایی هاووڵاتیان بکرێت لە کاتی دابەشکردنی گۆشتی قوربانی پێویستە کیسی نوێ و ڕوون و بێ ڕەنگ بەکار بهێندرێت .
١٠- لەکاتی گواستنەوەی گۆشت ڕەچاوی پلەی گەرمی گونجاو بکرێت .