هەولێر – نۆرس پرێس
سوپای پاسدارانی ئێران لە تویتێکدا رایگەیاند، یەکەکانی زرێپۆش و هێزی تایبەتیان ئامادەیە و لە ئەگەری دەرنەکردنی هێزە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی لە هەندێک وڵاتی دراوسێی ئێران خۆیان راستەوخۆ دەست بە هێرش دەکەن.
سوپای پاسدارانی ئێران لە تویتەکەدا راستەوخۆ ئاماژەیان بە ناوی هیچ وڵاتێک نەداوە و دەڵێت، “هەندێک وڵاتی دراوسێ”، بەڵام بەو پێیەی نزیکەی دوو هەفتە پێش ئێستا ئۆپەراسیۆنێکی لە خاکی هەرێمی کوردستان راگەیاندووە، دەردەکەوێت هەڕەشەکانی رووی لە هەرێمی کوردستانە.
لە تویتەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، لە ئەگەری نەبوونی توانای دەرکردنی “تیرۆریستە جوداخوازەکان”ی نیشتەجێبووی سەر سنووری هەندێک وڵاتی دراوسێ، هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئامادەن راستەوخۆ دەستوەردان بکەن.
هەڕەشەکانی ئێران لە کاتێکدایە رۆژانە بەردەوام لە رۆژهەڵاتی کوردستان خۆپێشاندان و تووندوتیژی روودەدات، دۆخەکە بە جۆرێکە لە خۆپێشاندانی ئەمڕۆی شاری سنە دوو کەس گیانیان لەدەستدا.
ئێرانیش حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە دەستوەردان لە دۆخی نێوخۆی وڵاتەکە و هاندانی خەڵک بۆ خۆپێشاندان و گرژی تۆمەتبار دەکات.
لە دوای راگەیاندی ئۆپەراسیۆنەکەشیان لە هەرێمی کورستان، نزیکەی دوو هەفتەیە بەردەوام بەشێک لە ناوچەکانی سنووری پارێزگای هەولێر تۆپباران دەکات. هەروەها داواش لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات کە رێگە بەو گرووپانە نەدات لە ناوچەکە بمێننەوە.